کێشەکانی یەکێتی دەتەقنەوە
کۆسرەت رەسوڵ بڕیاری دوورخستنەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەدات

کێشەکانی نێو سەرکردایەتی یەکێتی بەرەو بارگرژیەکی زۆر دەڕوات، لە دوا پەرەسەندیشدا کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بڕیاری دوورخستنەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پۆستەکەی دەدات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە مەکتەبی سیاسی یەکیتی یەوە، کۆسرەت رەسوڵ لەسەر نووسین و راکانی بڕیای داوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پۆستەکەی وەک بەرپرسی رێکخراوەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووربخاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسانی سەر بەکۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کادیرانی یەکێتی دەبێت پابەندبن بە پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتیەوەو هەر رایەکی جیاوازیان هەبێت لە رای یەکێتی، دەبێت لە ئۆرگانە حیزبیەکانی خۆیاندا بڵاویبکەنەوە.

سەبارەت بە چۆنێتی بڕیاری دوورخستنەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، بڕیاری دوورخستنەوەکە دراوە بە رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی، تا رادەستی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی بکات.

سپی زانیوویەتی کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە بڕیارەکەی کۆسرەت رەسوڵی زانیووەو ئەمڕۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی ناوەندا دەکات لەسەر شەرعیەتی رێکخراوەیی بڕیارەکەی دەرهەقی دراوە.

چاودێران پێیانوایە لادانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پۆستەکەی پەرەسەندنێکی ئێجگار قورسە لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە، چونکە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جگە لەوەی خووشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەسترۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یە، هاوکات ئەو سەر بە باڵی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی ومەکتەبی سیاسی یەکێتی و لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری- زانیارییە.

ئەو رێوشوێنەی بەرامبەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی شەممەی رابردووی سەرکردایەتی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لەگەڵ سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە ئەویش نزیکە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە بۆتە دەمەقاڵێیان.

هەموو ئەم کێشانەی نێو سەرکردایەتی یەکێتی لە کاتێکدایە کە ئەو حیزبە لەسەر زۆر پرس لەنێویشیاندا پرسی ریفراندۆم، بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێکیان لە زۆر پرسدا هاوڕای پارتین، بەشکێیشیان دەیانەوێت لە گۆڕان نزیک ببنەوەو وەک خۆیان دەڵێن" هاوسەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا بگەڕێننەوە".
 

 



PM:12:00:31/07/2017