دوای لێدوانەكەی زێباری، هەڵسوڕاوێكی گۆڕان: هەرگۆڕانێك لە ڕێبازی نەوشیروانیزم لابدات هەر لە گردەكە لەخاچی دەدەین

هەڵسوڕاوێكی دیاری ئەنجومەنی بەریتانیای بزووتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی وتەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هۆشیار زێباری دەڵێت "هەركەس لەگەڵ پارتی كۆبێتەوە لەگردەكە لەخاچی دەدەین".

شۆڕش حەمید، سكرتێری ئەنجومەنی بەریتانیای بزووتنەوەی گۆڕان لە بڵاوكراوەیەكدا كە لە ڕێگەی ئەكاونتی تایبەتیەوە بڵاویكردۆتەوە ڕایدەگەیەنێت "بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەك نابێت لەگەڵ پارتی دابنیشێت لەدوای قسەكانی هۆشیار زێباری كە لەسەر گەندەڵی لەبەغداد دەركرا ئێستا زۆر چاوقایمانە و بەدەق بەم شێوازە دەدوێت لەسەر ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان نەوشیروان مستەفا".

شۆڕش دەڵێت "لەكاتێكدا ئێمە لە هاوڕێكانمان لەجڤاتی نیشتیمانی و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتیش دڵنیاین لەڕێبازە پیرۆزەكەی نەوشیروانیزم لانادەن و سوكایەتی پێكردن بە گەورەی ڕابردوو داهاتوشمان نەوشیروان مستەفا قبوڵ ناكەن، بەڵام پێشمان خۆشە هەموو لایەك ئەو ڕاستیە بزانن كە هەركەس سوكایەتی پێكردن و لادان لەڕێبازی نەوشیروانیزمدا بكات یان قبوڵ بكات ئەگەر بیل بیلەی چاومان بێت هەر لەگردەكە لەخاچی دەدەین".

نوسیویشیەتی "تا پارتی و سەرۆكە ئێكسپایەرەكەیان داوای لێبوردن نەكەن نابێت گۆڕان هیچ دانیشتنێك لەگەڵ پارتی وسەرانی خاین و گەندەڵكارانی پارتیدا بكات".

ڕۆژی 31ی تەمووز هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی ڕووداودا ڕایگەیاند"دوای نەمانی نەوشیروان بارودۆخی گۆڕان دەگۆڕێت و زیاتر ئەقلانی دەبێت"، هەروەها وتی" ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشێ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوا ئێمە بەڵێنمان لە یەكێتی وەرگرتووە كە خۆمان ئاكتیڤی بكەینەوە".

ئەو وتانەی وشیار زێباری كاردانەوەی زۆری لای هەڵسوڕاوانی گۆڕان بەدوای خۆیدا هێنا و بە نوسین و لێدوانی فەرمی وەڵامدرایەوە



PM:01:30:02/08/2017