سامانە سروشتییەكان وەڵامی دانەغاز دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، وەڵامی كۆمپانیای دانەغاز دەداتەوە دەربارەی بردنەوەی كەیسێكی یاسایی بە بەهای 14 ملیۆن دۆلار لە دادگای ناوبژیوانیی لەندەن و رایدەگەیەنێت "حكومەتی هەرێم لە كەیسەكەدا سەركەوتوو بووە"

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە  وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەمڕۆ 3ی ئابی 2017 بڵاویکرۆتەوە، تێیدا هاتووە " ئەو ژمارەو داتایانەی كە كۆمپانیای دانەغاز وەك سزا دژی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ كردووە، هێشتا بڕیاری كۆتاییان لێ نەدراوە".

ئەوەشی ڕاگەیاندوە: لەكاتێكدا كۆمپانیاكە داوای ملیۆنەها دۆلاری كردووە وەك تێچووی ڕێوشوێنە یاساییەكانی دادگا، بەڵام دادگاكە ئەو داواكارییەی دانەغازی ڕەتكردۆتەوە، ئەمەش نیشانەی سەركەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئاماژە بەوەشكراوە: دادگای ناوبژیوانیی لەندەن داواكارییەكی دیكەی كۆمپانیاكەی ڕەتكردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبوایە حكومەتی هەرێم سودی تەواوی تێچووە یاساییەكان بدات.

لەخاڵێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی سامانە سروشتیەكاندا هاتووە: "دادگاكە سكاڵایەكی دیكەی كۆمپانیاكەی سەبارەت بەپێدانی 100%ی تێچووە یاساییەكان بۆ كۆمپانیاكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ڕەتكردۆتەوە".



PM:08:01:03/08/2017