کچێکی كورد کە دانیشتویی شاری هەولێرە لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و وێنهی دهگیرێت.
ترێ، کچێکی ٢٧ ساڵی دانیشتووی هەولێرە، دەرچووی بەشی كارگێڕی زانکۆی صەڵاحەدینه، دوای ئەوەی زانکۆ تەواو دەکات و دانامەزرێت، هەوڵ دەدات لە شوێنێکی ئەهلی کار بکات، بۆیه لە کۆمپانیایەک وەک سکرتێر دەستبەکار دەبێت، بهڵام لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەیەوە، بە چەندان شێوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر.
ئەو کچە گەنجە کە هیوای بەوە بووە لەڕێگەی ئەو کارەیەوە، هەم یارمەتی ماڵەوە بدات و هەم داهاتێكی باش بۆ ژیانی خۆی مسۆگهر بكات و ماستەر بخوێنێت، بەڵام چاوچنۆكی بەڕێوەبەرەکەی، هیوابڕی دهكات و ناهێڵنی وەک مرۆڤێكی ئاسایی بۆ ئاسۆی روونی داهاتووی خۆی بڕوانێت.
هیچ کەس بەو ئازارە گەورەی ترێ نازانێت، نە ئاگاداری ئەو ژیانە زەحمەتەیە کە تێیدایە، باسکردنی کێشەکەیشی هێندە ئاسان نەبوو، ماڵپەڕی "وشە" بەم جۆرە لەزاری خۆیەوە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
"ساڵێک بەبێ کاری دانیشتم، لە ماڵەوە بێزار بووم، باری ئابووریشمان باش نەبوو، بۆیە بریارم دا کار بکەم، زیاتر لە پێنج مانگ بەدوای کاردا گەڕام تا لەڕێی هاوڕێیەکمەوە لە کۆمپانیایەک وەک سکرتێر قبوڵ كرام به مووچەی ٥٠٠ هەزاری مانگانه، دوای دوو مانگ بەڕێوەبەرەکەم بۆی کردم بە ٨٠٠ هەزار، بهدوای ئهوهدا هەستم کرد (عیسا) كه بەڕێوەبەرم بوو زۆر جیاواز مامەڵە دەکات، بەڵام هەمیشە دەیگوت تۆ زۆر بەتوانا و لێهاتووی بۆیە زۆر جێی گرنگیپێدانی" ئهمانه بهشێكن له ووتەكانی ترێ.
ئهو كچه كه بههۆی كارهكهیهوه دنیایهك خهیاڵی خۆشی بۆ داهاتووی خۆی لا دروست بووه، ماوەی شەش مانگ کار دەکات بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسدا هەبێت، دواتر دەبێت بە بەڕێوەبەری کارەکانی عیسا.
وهك خۆی دەڵێ، "لە ماوەی کارکردنم دەمویست لە عیسا دووربم، چونکە هەستم باشی پێم نەدەوتم لهبارەی ئەو، بەڵام ئەو لە هەر دەرفەتێکدا زیاتر لهخۆی نزیکی دەکردمەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەرچی لەناو کۆمپانیا دەکرا دەبوایە بە ئاگاداری من و ئەو بێت".
ئهم خۆنزیکردنەوە و خۆگونجاندنه دوای ساڵێک لە کارکردن و زیادکردنی بهردهوامی مووچەی ترێ، دهبێت به پێوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا، ترێ ئهوه ناشارێتهوه كه هەموو شتێکیان پێکەوە بووه عیسا زۆر هۆگری خۆی کردووه، "بەڵێنی پێدام هاوسەرگیریم لەگەڵ بکات و لقێکی كۆمپانیاكهی له تورکیا بۆ من بکاتەوە، بەڵام لە دوایدا هەموو شتێکی پێچەوانە کردەوە".
عیسا تەمەنی ٦٥ ساڵە، خاوەنی پێنج منداڵە و دووجار هاوسەرگیری کردووە، ئێستا لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا لە تورکیا دەژین، ترێ ئهوهیی زانیوه كه عیسا خاوەن ژن و منداڵە، بەڵام بەڵێنە برققەدارهکانی مهستی كردووه و هەموو شتێکی لەبیر بردووهتەوە، خۆی وا گوزارشتی دهكات "بەرچاوی تاریک کردم".
"جارێکیان بۆ کار دەبوایە بچین بۆ تورکیا، عیسا زۆر داوای کرد لەگەڵیاندا بڕۆم، چونکە کارەکە من سەرپەرشتیم دەکرد، بۆ ئهوه پێوەندی بە ماڵەوەمان کرد و ئەوانیشی ڕازی کرد، هەفتەیەک لە تورکیا ماینەوە، ئەو هەفتەیە، هەرچی ناخۆشیە من چەشتم، دەبوایە کار بکەین لەوێ بەڵام کاری عیسا هەڵخەڵەتاندنی من بوو، هەمووجار بە حەب و دەرمانی جۆراوجۆر سەرخۆشی دەکردم تا بەهۆش دەهاتمەوە هەموو شتێک کۆتای هاتبوو" ترێ وای وت.
عیسا لە تورکیا دوای ئەوەی هەموو شتێکی لەگەڵ ترێ تەواو کردووە ئیتر پێی دەڵێ دەتخوازم دڵگران مەبە لە هیچ، بگەڕێینەوە کوردستان دێم بۆ داواكردنت له ماڵهوه، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە کوردستان.
بهڵام ئهو عیسایهی دهیان و سهدان ههوڵیدا بۆ رازیكردنی ترێ، له كوردستان ترێ بۆ ههمیشه دهتاسێنێت و پێی دهڵێ هەرچیمان کردووه لە تورکیا هەموویم بە ڤیدۆ و وێنە لایە، بۆیه هەرچیم دەوێت و هەرکات ویستم نەیەی بۆم بکەیت، زۆر خراپت بەسەر دێنم و ئابڕوت دەبەم.
ترێ ئهو تاسانهی له كاتی ئهو قسانه گرتوویهتی هێشتا بهری نهداوه، ههر لهو ههڕهشهیهوه ژیان و چارەنووسی دەکەوێتە دەستی عیسا، خۆی دەڵێ "ژیانم نەمابوو، هەموو کات دەبوایە ئامادەی درۆکردن بوومایە بۆ ماڵەوە بۆ ئهوهی عیسا رازی بكهم".
ترێ بۆ ماوەی پێنج مانگ بەم شێوەیە دەمینێتەوە لەگەڵ عیسا، بهڵام ئهوهش ناشارێتهوه كه "لەو ماوەیەدا جارێک دووگیان بووم، عیسا بردمی بۆ لای پزیشکێ کە پێدەچوو پێشتر کاری هاوشێوەیان زۆر پێکەوە ئەنجام دابێت، سکەکەیان لەبار بردم".
عیسا کۆمپانیاکەی لە کوردستان بەرەو ئیفلاس دەچێت، بۆیە هەرزوو لقی ههولێری دادەخات و دەچێت بۆ تورکیا و كۆمپانیا دەكاتهوه.
ترێ زانیاری ئهوهی لایه كه چەند مانگێکە عیسا و خێزانەکهی لە تورکیا دەژین، بهڵام هێشتا ترێ هەر تەلەفۆنێكی بۆ دێ ڕادەچڵەکێ و ترس دایدهگرێ نهك عیسا بێت و ئارهزووی بكات له كاتێكدا لای ئهم ئهو خۆشهویستییهی بهزۆر پێی رازی بووه، به تهواوی بووه به رق و به حهسرهتهوه ئهوه دهخاته ڕوو "عیسا لەگەڵ خێزانەکهیدا لە خۆشگوزەرانیدان منیش لێرە کە وڵاتێكی جیایشه بە ترسهوه دەژیم و رووناكی رۆژم لێ تاریك بووه".
كێشهكهی ترێ لهوهدایه له رووی دهروونییهوه بهردهوامی وهرگرتووه و ههتا عیسا ههبێت ئهم ئارامی نابێت به میوانی، ترس تا ئهو ئاسته دایپۆشیوه كه ههستی خۆی دهگێڕێتهوه "رۆژی رووناكم لێ تاریک بووە، هەر چاوەڕێم رۆژێک عیسا خۆی بمکوژێ یان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانم براکانم و باوکم بمکوژن".