شاندی ڕیفراندۆم کاتی سەردانیان بۆ بەغدا دیاریکرد

کۆبوونەوەى شاندى ڕیفراندۆم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا کۆتایى پێهات و بڕیار دراوە، کە لە ٤٨ کاتژمێرى داهاتوودا ئەو شاندە سەردانى بەغدا بکات.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندى ڕێفراندۆم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لە دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێم لە شارى هەولێر بەسەرپەرشتیى ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بەڕێوەچوو.

ئەندامانى شاندەکە، کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنى باڵاى ڕیفراندۆمن لەو کۆبوونەوەیەدا بریتى بوون لە رۆژ نوری شاوەیس ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى، سەعدی پیرە ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى، ڤیان دەخیل ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى، فوئاد حسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێم، محەمەد ئەحمەد نوێنەری یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان، رۆمیۆ هەکاری نوێنەرى کلد و ئاشوور و ماجد بازرگان نوێنەرى تورکمانەکان.

لە دواى ئەو کۆبوونەوەیە، شاندى ڕێفراندۆم بۆ دانوستان لە کاتژمێر ٣ى دواى نیوەڕۆدا سەردانى هەریەک لە بارزانى و کۆسرەت ڕەسوڵیان کرد لە پیرمام بۆ دیاریکردنى کات و ڕۆژى سەردانەکەیان بۆ بەغدا و لە و کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە، کە شاندەکە لە ٤٨ کاتژمێرى داهاتودا بەرەو بەغدا بەڕێ بکەوێت.

بەپێى زانیارییەکان ئەو شاندە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى حکومى و حزبى بەغدا کۆدەبنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ باڵێوزى ئەمریکا و بەریتانیا و هەروەها باڵیوزانى وڵاتانى تر کۆوونەوە ئەنجام دەدەن، بۆ تاوتوێکردنى پرسى ڕیفراندۆم.



PM:05:44:12/08/2017