بارزانی پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە لایەنگیرانی حزبەکەی کرد کە پاڵپشتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی بن.

بارزانی ڕایگەیاندووە پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ھەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەدیھاتنی ئامانجە دیموکراتی، نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و لە ھەمانکاتیشدا ھاوشان لەگەڵ ھێزە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکانی تری کوردستان ئامرازی بەرگریکردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی کوردستان لە ھەموو قۆناغەکاندا.

هەر لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وکۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و ھەموو خەڵکی کوردستان بکەم، ئەو خۆڕاگرییە مکوڕترمان دەکات لە ھەنگاونان بەرەو ئاییندە و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. ئەوەیش دووپات دەکەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی کوردستانە. سەربەخۆیی کوردستان و ئاشتی و پێکەوەژیان ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی کوردستان ھەیە.

دەقی پەیامەکە

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بەبۆنەی ڕۆژی شانزەی ئاب، حەفتاویەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی کادیر، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو چین وتوێژ و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەم.

پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ھەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەدیھاتنی ئامانجە دیموکراتی، نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و لە ھەمانکاتیشدا ھاوشان لەگەڵ ھێزە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکانی تری کوردستان ئامرازی بەرگریکردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی کوردستان لە ھەموو قۆناغەکاندا.

پارتی لە دروشم و لە کرداردا، پێشەنگ و ھەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەکانی خەباتی گەلی کوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی ھەمان ئەرک و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێھەژماری داوە.

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وکۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و ھەموو خەڵکی کوردستان بکەم، ئەو خۆڕاگرییە مکوڕترمان دەکات لە ھەنگاونان بەرەو ئاییندە و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. ئەوەیش دووپات دەکەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی کوردستانە. سەربەخۆیی کوردستان و ئاشتی و پێکەوەژیان ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی کوردستان ھەیە.


داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم کە بە ھەموو توانایەکیان ھاوشان لەگەڵ ھەموو خەڵکی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بن، چونکە جگە لە سەربەخۆیی، گەلی کوردستان ھیچ ڕێگەیەکی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی کارەساتەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی و بووژانەوە.

مسعود بارزانی

15ـی 8ـی 2



PM:04:38:15/08/2017