یەکێتی پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکات


بەبۆنەی یادی دامەزراندنییەوە یەکێتی بروسکەیەکی ئاراستەی پارتی کرد و دەڵێت "پرۆسەى ڕیفراندۆم، دەبێ ئامانجەكانى بەدی بهێنێت".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "پرۆسەى ڕیفراندۆم، دەبێ ئامانجەكانى بەدی بهێنێت، دنیا و ناوچەكەش، پێویستە دڵنیابن، كوردى سەردەمى جیهانگیرى، كوردى سەردەمى پیلانەكانى لۆزانی ڕووخاندنى حكوومەتى مەلیكى (شێخ مەحمود) و ڕووخاندنى كۆمارى مەهابادى ئەتڵەسى و جینۆسایدى جەنگى سارد نییە. بۆیە، ئومێدەوارین، (هەل) و (مەرج)ەكە، بە دووربینى و خوێندنەوەى قووڵى هاوكێشەكان بقۆزینەوە بۆ سەرخستنى ئامانجەكانى ڕیفراندۆم، كە گەلەكەمان پێی ڕازى بێت. ئەمەش، یەكڕیزیى نیشتمانى و كاراكردنەوەى پەرلەمان و چارەسەرى تەنگوچەڵەمەى ئابووریى خەڵكى دەوێت".

یەکێتی دەشڵێت "ئەم یادەتان، لە هەلومەرجێكدایە، كە نەتەوەكەمان و ئەزموونى باشوورى كوردستان، لەناو بارودۆخێكى چارەنووسسازى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ناوچەكە و عێراق و بەشەكانى كوردستان، ڕۆژ ژمێرى ئایندەیەكى سەركەوتوو هەڵدەداتەوە".

هەر لە بروسکەکەیدا یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "وا جەنگى داعش لە شەڕى بەرەى ناو شارەكان لە كۆتاییدایە. دۆخى سیاسیى ناوچەكە و چەندین وڵاتى سەردەمى سایكس - پیكۆ، بەتایبەتى سیستەمەكانیان، كەوتوونەتە بەر پرس، پرسیارى تەمومژاوى. حكوومەتەكانى ناوچەكە، هەروەكو سەدەى بیستەم، تەنها بەرژەوەندیى ئابوورى، ئاسایشى بەزۆر سەپێنراوى ناوخۆیان مەبەستە. خەباتى دیموكراسى لە ناوچەكە و لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشدا، مەخابن، لە دواى بەناو بەهارى عەرەبیشدا، كرایە قوربانیى بزووتنەوە كۆنخوازەكان و بەرژەوەندیى دەسەڵاتەكان. لەم نێوەندەدا نەتەوەى كورد، بە خەبات و قوربانى، لە بەشەكانى كوردستاندا، باشتر لە چەندین حكوومەتى داتاشراوى سەپێنراوى پیلانى سایكس- پیكۆ، توانى، داعش تێكبشكێنێت، پێشمەرگەش ناوبانگى ئازادیپارێزى جیهانیان پێ بەخشرا".



PM:09:43:16/08/2017