مەحمود سەنگاوی ووردەکاری هێرشهكهی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش ئاشكرا دهكات و دەڵێت "لە هەڵمەتەکەماندا چەکدارێکی داعش بە سزای گەل گەیەنرا و چەند چەکدارێکی دیکەش بریندار کران کە گومان دەکرێت بە مردووی کەوتبێتنە ناو ئاوی ڕووباری سیروانەوە."
له ڕونکردنەوەیهكدا كه وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوه هاتووه "شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش لە هەوڵێکی نەزۆکیاندا و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە وەک پیشەی هەمیشەی خۆیان هەڵیان کوتایە سەر خەڵکی سڤیلی ناوچەکە و کارگەیەکی بلۆکیان لە نێوان گووندەکانی (قایە و اصڵاح)ی سەر ڕووباری سیرواندا سووتاند و دوو کرێکاری کارگەکەشیان ڕفاند."
دهشڵێت " ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە وەک میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیاندا بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنی تیرۆریستان کێوماڵێکی ورد و چڕ و پڕی ناوچەکانی دەورووبەری گوندەکانی (قایە و اصڵاح)مان کرد، لە هەڵمەتەکەماندا بە وورەی پڕ لە نەبەزی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش چەکدارێکی داعش بە سزای گەل گەیەنرا و چەند چەکدارێکی دیکەش بریندار کران کە گومان دەکرێت بە مردووی کەوتبێتنە ناو ئاوی ڕووباری سیروانەوە".
سهنگاوی كه فهرماندهی میحوهری گوڵاڵهیه ئهوهشی خستوهته ڕوو " بەهۆی چڕوپڕی ناوچەکەوە کە دار و دەوەنێکی زۆری تێدایە و جێگا گەلێکی زۆری تێدایە بۆ خۆ حەشاردان نەتوانرا سەرجەمی تیرۆریستەکان بدۆزرێنەوە یاخود دەستگیربکرێن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بە درێژایی ئەمڕۆ بەردەوام بوون لە کێوماڵکردنی ناوچەکە و تائەم ساتەش کێوماڵ بەردەوامە و دڵنیای دەدەین بە خەڵکی ناوچەکە کە هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەروماڵیان لە دەست تیرۆریستانی نەفس نزم و ترسنۆکی داعش."