وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێرانی دایەوە


 

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی وتەکانی چەند ڕۆژی پێشووی سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی دایەوە و ڕایگەیاند، جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسێکی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر ڕیفراندۆم هەبێت.


لە ڕاگەیەندراوێکیدا لەسەر وتەکانی محەمەد باقرى سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵنێریی تەسنیمی ئێرانی سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لێدوانێكی لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان داوە و وتویەتی ئەم ڕیفراندۆمە موستەحیلە و نابێ بكرێت، لێرەدا بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە قسەكردن لەبارەی مافەكانی خەڵكی كوردستان كاری ئەو بەڕێزە نییە و ئەوە بە دەستێوەردانێكی ئاشكرا لە كاروباری ناوخۆی كوردستان هەژمار دەكرێت".

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوا و سروشتیی گەلی كوردستانە و جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەد باقرى سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای تورکیادا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، هەردوو وڵات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕیفراندۆم دەبێتە سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانى زنجیرەیەک ڕوبەڕوبوونەوە و ئاڵۆزى لەناوخۆى عێراقدا و کاریگەرییەکانی دراوسێکانیشى دەگرێتەوە، لەبەرئەوە نابێت ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت.



PM:03:48:18/08/2017