ئاری هەرسین: کوێخایەتی پەکەکە قبوڵ ناکەن

پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت وەڵامی جەمیل بایک دەداتەوە و دەڵێت "ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە و بەھیچ جۆرێک قبوڵ ناکەن پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەوری کوێخا ببینێت".


ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە ڕێگەی پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت "ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان پشتیوانی خەڵکی کوردستان دەکات لە ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی سەرچاو، ئەگەر ئەوە ناکات با نەبێتە محامی خەڵکی تر و پشت نەکاتە نەتەوەکەى خۆی".

ناوبراو وەڵامێکی توندی جەمیل بایک دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت "زۆر عەیبە بۆ کەسێک جلوبەرگی پێشمەرگانەی لەبەردابێت و بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەم و ئەو، بیانوو بۆ ڕانەگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بھێنێتەوە".

ئاری هەرسین دەشڵیت، باشوری کوردستان ڕیفراندۆمی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مەبەستى سەربەخۆیی کوردستان ھەڵبژاردووە و ئەو ھەڵبژاردەیەش تاکە چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە.

وتەکانى ئەو پەرلەمانتارەى پارتى وەڵامێکە بۆ لێدوانی دوێنێی جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە کە ڕایگەیاند، مافی هیچ لایەنێک نییە بەتەنیا بڕیار لەسەر پرسێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان بدات و پێویستە سەرەتا کۆنگرەی نەتەوەیی ڕێکبخرێت.



PM:02:20:19/08/2017