بارزانی نهێنی بینینی سەدام حسێن ئاشکرا دەکات

بارزانی باس لە بینینی سەدام حسێن دەکات لە ساڵی ١٩٩١دا و دەڵێت لە پێنج خولەکی یەکەمدا کاتێک سەدام حسێنی بینیووە دووچاری حاڵەتێکی دەروونی نا سروشتی بووە.

بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عوکازی چاپی سعودیە کە ئێن ئاڕ تی بەشێکی بڵاوکردووەتەوە ڕایگەیاند، سەرەتا شاندێکیان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی ناردووەتە بەغدا و دوای گەڕانەوەی شاندەکە بەغدا سوور بووە لەسەر ئەوەی بارزانی بچێت بۆ بەغدا ئەویش وەک خۆی دەڵێت سەرباری ئەوەی ئەو بابەتەی بەلاوە قورس بووە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری داوە بچێت.

بارزانی ڕونیکردووەتەوە ئەوانەی شەهید بوون براو کەسوکاری بوون، قورس بووە تەوقە لەگەڵ کەسێکدا بکات کە ٣٧ کەسی لە خێزانەکەی کوشتبێت.

سەبارەت بە بینینی سەدام دەڵێت "کاتێک سەدام حسێنم بینی لە پێنچ خولەکی یەکەمدا خەریک بووە دڵم بوەستێت، دۆخی دەروونی ناسروشتیم بۆ دروستبووە، سەدامیش هەستی بەو دۆخەم کردووە و بە هەمان شێوە عیزەت دووریش، سەدام ویستی ئەملاولام ماچ بکات بەڵام ڕەتمکردەوە، لە دیدارەکەدا پێم وت خوێن لە نێوانماندا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پێناو کێشەی گەلدا هاتووم، کە دیارە ئەوەش پێویست دەکات لە ناوتاندا بم، ئەگەر ئێوە ئامادەن ئەوا ئێمەش ئامادەین، ئەگەر نا هەر کەسێک شەهید بێت خۆشەویست و ڕێزدارترە لەوەی لە دنیادایە و بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین".

بارزانی وتویەتی " ڕۆژی دواتر بەشداری گفتوگۆکانم کرد و پێم وت بیستوومە دوێنێ ڕاتگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکان ١٠٠ هەزار کەسن، من دەڵێم ٥٠ هەزار کەس باشە بەڵام ئێسک و پروسک و تەرمی شەهیدەکانمان بدەنەوە".
لە کۆتاییدا بارزانی ڕایگەیاندووە، ئەوەی ٥٠ هەزار کەس بکوژێت ملیۆنێکیش دەکوژێت.



PM:05:40:20/08/2017