کوڕێکی نەوشیروان موستەفا هەڵوێستی لەسەر ڕیفراندۆم ڕاگەیاند


نمای کوڕی نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، ‎دەوڵەتی كوردستان پێویستی بە ئامادەسازی و كرداری پراكتیكی و بونیادنان هەیە و ڕایدەگەیەنێت "دەرئەنجامی ڕیفراندۆم بە بەڵێ یان نەخێر بێت دەوڵەتمان بۆ دروست ناكرێت".

نما نەوشیروان مستەفا، كوڕی ڕێكخەری كۆچكردووی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارێكدا بەناونیشنانی (بەڵێ بۆ دەوڵەتی كوردستان، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی‌) ڕایگەیاندووە، ‎ لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان هیچ یەكێك لەم بنەماكانی دەوڵەتبوونی تێدا نەچەسپیوە، بگرە بە پێچەوانەوە دوو هێزی پێشمەرگە و دوو هێزی ئاسایش و پەرلەمانێكی پەكخراومان هەیە، خەڵك پارەی نان و ئاوی نییە و هەزارانی دیكەش، بۆیە سەد ڕیفراندۆمیش بكەیت دەوڵەتێكی سەركەوتوت بۆ دروست ناكرێت.

دەشڵێت: "لێرەدا بەگرنگی دەزانم، كە بڵێم ڕیفراندۆم لەم كاتەدا بەشتێكی پێویستی نازانم، چونكە ئەزانم من و هەموو كوردێك لە هەر شوێنێك بێت لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستاندایە و ئەشزانم دەرئەنجامی ڕیفراندۆم بە بەڵێ یان نەخێر بێت نە دەوڵەتمان بۆ دروست ئەكرێت نە دروستی ئەكەن، لای من ئەمە تەنها پڕوپاگەندەی حیزبی و شەخسی و موزایەدەی سیاسی و قسەی بڕیقەدارە".

ڕاشیگەیاندووە، بەڵێ بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان لەسەر بنەمای دیموكراسی پەرلەمانیی، ژیانی دامەزراوەیی و یاسا سەروەری و مافی هاوڵاتیبون، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی و بەردەوامبون و درێژەدان بە شكستی سیاسی و ئیداری و ئابوری.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردستان، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی‌
‎دەوڵەتی کوردستان تەنها بە پڕوپاگەندەی سیاسی و بانگەشەی ریفراندۆم دروست ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ئامادەسازی و کرداری پراکتیکی و بونیادنان هەیە.

‎دەوڵەتی کوردستان لەسەر چەند بنەما و پایەیەک دروست ئەبێت، کە ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا لە چەند بۆنە و جێگایەکی جیاوازدا بناغەی بۆ داڕشتوە، ئەوانیش بریتین لە:

‎- سیستمێکی حکومڕانی دیموکراسی، کەخۆی ئەبینێتەوە لەبوونی پەرلەمانێکی چالاک و بەدەسەڵات کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکان بکات و چاودێر بێت بەسەر حکومەتەوە.

‎- ژێرخانێکی ئابوری بەهێز کە لایەنی کەم بتوانێت پێداویستی ناوخۆ دابین بکات لەکاتی داخستنی سنورەکان.

‎- گەڕانەوەی ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

‎- هێزی چەکدار و ئاسایشی نیشتیمانی پڕ چەک کە بتوانێت پارێزگاری لە سنورەکانمان بکات و ئاسایشی ناو خۆمان بپارێزێت.

‎- پەیوەندی باش لەگەڵ کوردانی پارچەکانی تری کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

‎- دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان ئاین و نەتەوە و چین و توێژو ناوچە جیاوازەکاندا.

‎- سەروەری یاسا و بونی دادگای نیشتیمانی.

‎- دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێز کە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانمان بکات و لە هەمو بارودۆخێکدا بتوانێت ئیشەکانیان بۆ ڕاپەڕێنێت.

‎ لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ یەکێک لەم بنەمایانەی تێدا نەچەسپیوە، بگرە بە پێچەوانەوە ئێمە دو هێزی پێشمەرگە و دو هێزی ئاسایشمان، و پەرلەمانێکی پەکخراومان هەیە، ئابورییەکی لاواز و داڕوخاومان هەیە، موچەخۆران چارەکی موچەکانیان وەرئەگرن کە بەشی پێداویستییە بنەڕەتیەکانیان ناکات و خەڵک پارەی نان و ئاوی نییە و گەنجانمان بێکارن و هیچ جۆرە ژێرخانێک نییە و تەنانەت ئاو و کارەبامان نییە، وڵاتەکەمان ملیاران دۆلار قەرزدارە و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ هەمو کوردەکانی پارچەکانیتر و دەوڵەتانی دراوسێ خراپە، بۆیە سەد ریفراندۆمیش بکەیت دەوڵەتێکی سەرکەوتوت بۆ دروست ناکرێت.

‎لێرەدا بەگرنگی دەزانم کە بڵێم ڕیفراندۆم لەم کاتەدا بەشتێکی پێویستی نازانم، چونکە ئەزانم من و هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستاندایە و، ئەشزانم دەرئەنجامی ریفراندۆم بە بەڵێ یان نەخێر بێت نە دەوڵەتمان بو دروست ئەکرێت نە دروستی ئەکەن ، لای من ئەمە تەنها پڕوپاگەندەی حیزبی و شەخسی و موزایەدەی سیاسی و قسەی بڕیقەدارە.

‎ دروستکردنی دەوڵەت بەتەنها موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، بەڵکو موڵکی هەمو حیزب و هێز وتاکێکی کوردستانیە. بە درێژای نۆ ساڵی رابردو بزوتنەوەی گۆڕان تێکۆشاوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی مۆدێرن، خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا کە رابەری نیو سەدە خەباتی گەلی کوردستانە لەوتاری نەورۆزی ساڵی۲۰۱۲ دا ‎ فەرموی: "باڵاترین ئامانجی نەتەوەیی بزوتنەوەی گۆڕان سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، ئەو ئامانجەی چەندین نەوە لەپێناویدا شۆڕشیان کردوە، دەیان هەزار هاوڵاتی لەپێناویدا گیانیان بەخشیوە".

‎بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام جەختی لەوەکردۆتەوە کە ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتتان ئەوێ، فەرمو با دامەزراوەکان و پەرلەمان بەهێز بکەو قانونی سەرۆکایەتی هەرێم چاک بکەین، داد و یاسا سەروەر بکەین، ژێرخانێکی ئابوری بەهێز و باش دروست بکەین و بارو گوزەرانی خەڵک چاک بکەین، کەرتی پەروەردەو خوێندن بە باشترین شێوە پێشبخەین، بەرنامەیەکی باش بۆ بوژاندنەوە کشتوکاڵ دابنێن بۆ ئەوەی بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین و ئاسایشی خۆراک دابین بکەین، کارەبا و خزمەتگوزاریەکانی وڵاتەکەمان چاک بکەین، هێزی چەکدار و ئاسایشمان یەک بخەین و بیکەین بە هێزێکی نیشتیمانی، گەندەڵی بنبڕبکەین، پەیوەندی خۆمان لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی تر و لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ چاک بکەین.

‎ هەر کات کە بەوشێوەیەی سەرەوە خۆمان ئامادە کرد ئەتوانین بە بێ پرس و ترس دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبون رابگەیەنین.

‎کە پێگەی خۆمان و ناو ماڵی خۆمان بەهێزکرد ئەو کات هەر هێز و لایەنێکیش روبەڕومان بێتەوە ئەتوانین بەرگری بکەین و سەرکەوتوش ئەبین، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستامان بێجگە لەوەی کە ئەبێتە پرۆسەیەکی شکستخواردو، ئەبێتە مەترسی بۆ ئەزمون و تێکۆشانی رابردو کە سەدان هەزار گەنجی وڵاتەکەمان لە پێنایودا شەهیدبون.

‎لەبەر ئەوە لەکۆتایدا ئەڵیم بەڵێ بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەمای دیموکراسی پەرلەمانیی ، ژیانی دامەزراوەیی و یاساسەروەری و مافی هاوڵاتیبون ، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی و بەردەوامبون و درێژەدان بە شکستی سیاسی و ئیداری و ئابوری .



PM:08:58:20/08/2017