"تا شكۆ بۆ سەركردایەتی نەگەڕێتەوە بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكان نەكات"

جێگری مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بادینان ئاشکرایدەکات ، دكتۆر بەرهەم پرۆژەی خۆی هەیە و ڕایدەگەیەنێت "تا شكۆ بۆ سەركردایەتی نەگەڕێتەوە بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكان نەكات".

د. عەلی مستەفا ئۆرەماری، جێگری مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بادینان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت "د. بەرهەم ساڵح بڕیاری داوە تا شكۆ و حورمەت بۆ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نەگەڕێتەوە، بەشداری كۆبوونەوەكان نەكات، ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەو جۆرەی ئێستا بمێنەوە، دكتۆر بەو پرۆژەی كە هەیە بەجیا دەچێتە هەڵبژاردن و بە دڵنیاییەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی دەبێ‌".

سەبارەت بە ریفراندۆمیش ڕایگەیاند "لەژێر هەر بیانویەك بێت دكتۆر هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوە نیە ئێمە بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بڵێین نەخێر، بەڵكو هەڵوێستی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمە بە بەڵی".

عەلی ئۆرەماری، وتیشی "د. بەرهەم پڕۆژەیەكی هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی  پڕۆژەكەی ئاشكرا بكات و ناوێكی بۆ دابنێت، بۆیە تا ئێستا هیچ لیستێك و شتێكی دروست نەكردووە".



PM:11:02:20/08/2017