عه‌لی عه‌ونی وه‌ڵامی دوران كاڵكان دەداتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی دوران کاڵکان دەداتەوە و دەڵێت "پەکەکە ئەگەر دەزانێت ڕیفراندۆم بۆ پڕوپاگەندەیە بۆ ھێندە قسەی لەسەر دەکات".


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە، دوران کاڵکان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەی ڕایگەیاند ''ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان وەک پڕوپاگەندەیەکە و ئەنجام نادرێت و ھەندێک لایەن کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە".

لەوەڵامدا عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاندوه‌ ''ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ پڕوپاگەندەیە ھۆکاری چییە پەکەکە ھێندە قسەی لەسەر دەکات و چونکە ئەگەر پڕوپاگەندە بێت زۆر نرخی پێ نادەن و گرینگی بۆ ئەوان نابێت، دووەمیش ئەوان مەرجعی ئێمە نین، تاوەکو پرسیان پێ بکەین و مافیان نییە باسی لێوە بکەن.''

وتیشی ''حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەو پرسە بە خەڵکی خۆمان بکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت پرس بە میللەتی خۆمان بکەین و پێویست ناکات پرس بە کەسێکی دیکە بکەین، بۆیە مافی ئەوان نییە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەربدەن.''

ڕوونیشی کردەوە ''ئەوان بەو ھەنگاوەی باشووری کوردستان ناڕەحەت بوون، ئەگەر ڕاست دەکەن پڕوپاگەندەیە، ئەو ھەمو وڵاتە باسی لێ ناکەن و نایەنە سەر خەت، بۆیە ئەوان گەر ڕاست دەکەن با خۆیان ناڕەحەت نەکەن و پاڵ بدەنەوە و ھەر باسیشی لێوە نەکەن.''



PM:09:18:22/08/2017