سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا وردەکاری کۆبوونەوەی بارزانی و وەزیری بەرگری ئەمەریکا، بپێی ڕاگەیەندراوەکە بارزان وتویەتی "هەر داوایەك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت".

ئەمڕۆ سێ شەممە 22ی ئاب، سەرۆکایەتی هەرێم  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرسی ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس تەوەرێكی كۆبوونەوەی نێوان بارزانی و جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شاندی هاوڕێی بووە و لەو بارەیەوە بارزانی ڕایگەیاندووە، پرسی ڕیفراندۆم بابەتێكی شەخسی نیە و مافی گەلە و لەگەڵ هیچێك لە پڕەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ناكۆك نییە و بە هیچ شێوەیەك كێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناكات.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "یەكگرتنی بەزۆر هیچ كات سەركەوتوو نەبووە و ئێمە یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان هەڵبژارد بە مەرجی شەراكەت بەڵام چونكە شەراكەت سەری نەگرت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە كێشەی قووڵتر دەمانەوەێ وەك دوو جیرانی باش لە تەنیشت یەكتر بژیین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر داوایەك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت و ئەو بەدیلەیش دەبێ بەهێزتر بێت لە ئامرازی ڕیفراندۆم".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە جەمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ڕایگەیاندووە "ڕیفراندۆم دوور بوو لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ كە ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەیش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دانوساندنی نێوان هەولێر و بەغدای بە بابەتێكی باش زانی و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پشتیوانی دانوساندن و حیواری بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم  ئاماژە بەوە کراوە، بارزانی جەختی کردووەتەوە لەوەی گەلی كوردستان شێوازی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ مسۆگەر كردنی مافەكانی گرتووەتەبەر و لە دانوساندن بەردەوام دەبێت بۆ دیاریكردنی سرووشتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی هەردوولا وەك هاوسێ لەگەڵ یەكتردا بژیین.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتیى یەکێتى، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان،  د. رۆژ نووری شاوەێس، کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و  شێخ جەعفەر مستەفا بەشدارییان کرد.

ئەمڕۆ جەمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە  سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق کۆبووە، دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بارزانی کۆبووە.



PM:11:28:22/08/2017