بیرمەندێکی پارتی: پێش ٣ هەزار ساڵ وتراوە کە جامانە سورەکان کوردستان رزگاردەکەن

بیرمەندێکی پارتی لە کۆبونەوەکەی رۆژی دوو شەممە21ی ئابی بارزانیدا ئاماژە بەوەدەکات کە گوایە ٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئاییندا باسکراوە کە، جەمەدانە سورەکان کوردستانی سەربەخۆ دروست دەکەن.


لە کۆبونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ریفراندۆم، بیرمەندێکی پارتی بە ناوی خالید کاکەیی هەستا بۆ ئەوەی پرسیار لە بارزانی بکات و ووتی '' پێش ٢ هەزار بۆ ٣ هەزار ساڵ ئاماژە بەوانەکراوە، ئاماژە بە نەوەی بارزانی کراوە، ئەوانەی هەڵگری جەمەدانە (جامانە)ی سورن، هەر ئەو کات وتراوە کە کورد لەسەر دەستی جەمەدانە سور ئازاد دەبێت و دەبێتە دەوڵەتی کوبرا''.


هەروەها دەشڵێت '' ئاینی ئیسلامیش کە پێش ١٣٠٠ بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دروستبووە، ئاماژە بە بوونی جەمەدانە سورەکان دەکات''.


ئەو بیرمەندەی پارتی لە قسەکانیدا نمونەی حەزرەتی نوح و نەبی یونس بۆ بارزانی دەهێنێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو کەسانەی لەگەڵ پێغەمبەرەکان بوون رزگاریان بوو لە تۆفانی دەریا و تیشکی خۆر، بۆیە دەبێت ئێمەش پاڵپشتی بارزانی بین چونکە خوا ئەوانەی گەورە کردووە.





AM:10:23:23/08/2017