سەرۆکایەتی هەرێم ناوەرۆکی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بارزانی ئاشکرادەکات

 


سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بارزانی وتووە ڕیفراندۆم ڕەنگە کێشەی لێبکەوێتەوە و سەقامگیری ناوچەکە بشێوێنێت و نیگەرانی وڵاتەکەشی گەیاندووە بە بارزانی.

مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بارزانیدا لە سەڵاحەدین کۆبووەوە، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم وەزیری دەرەوەی تورکیا وتوویەتی "وڵاتەكەی بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی دەگات، بەڵام وای بۆ دەچێت كە ڕیفراندۆم لەو كاتەدا ڕەنگە كێشەی لێبكەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بشێوێنێت".

هەروەها نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە گەیاندووە بە بارزانی، ئەوەشی خستەوەتەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەشدار بێت لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕایگەیاندووە، بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتی و ئاشتیانە و سرووشتیە و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری و شەڕ و بۆ ئەوە دەبێت كە مادام شەراكەت شكستی هێنا دەكرێت وەك دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین.

جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، کە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا بۆ گەلی كوردستان گرنگە.

سەرۆکایەتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بڕیاریان دا كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.

هەرئەمڕۆ وەزیرى دەرەوەى تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئومێد دەکەن هەموو کێشەکانى  نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد کە ئەوان بڕیاری ڕیفراندۆم بە هەڵە دەزانن و داواشیان لە هەرێم کردووە لێی پەشیمان ببێتەوە.



PM:10:38:23/08/2017