مەترسییەكی گەورە روو لە زەوی دەكات

بەپێی زانیارییەكان  ئەو بەردە ئاسمانییەی کە پێنج ساڵی پێش ئێستا لە چاوی تەلسکۆبەکان ونبوو، لە ئۆکتۆبەری داھاتوو بە نزیکی زەویدا تێپەڕ دەبێت.
 
ئەو بەردە ئاسمانییە لە ساڵی 2012 دا لە لایەن ڕوانگەی ئاسمانیی (Pan-STARRS) ــەوە لە ھاوایی دۆزرایەوە و ناوی (TC4)ی لێنرا، ئێستا دەرکەوتۆتە و بە پێی توێژینەوە زانستییەکان لە 2017/10/12 ی ئەمساڵ بە نزیکی زەویدا تێپەڕ دەبێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی ڕوانگەی ئاسمانیی ناسا لە چیللی، ئەو بەردە بەر زەوی ناکەوێت و لە دووری 44 ھەزار کیلۆمەتر بە نزیکیدا تێپەڕ دەبێت. قەبارەی بەردەکە نزیکی 30 مەترە و بە پێی دەزگای فەزای ئەوروپی، ئەگەر بێتە ناو بەرگە ھەوای زەوی گڕ دەگرێت و دەتەقێتەوە و ئەوپەڕی کاریگەرییەکەی وەک نێزەکی "چیلیابینیسک" دەبێت کە لە 2013/2/15 لە باشوری دەریاچەی ئۆراڵ لە ڕوسیا کەوتە خوارەوە.

بەڵام ناگات بە کاریگەریی نێزەکی تونگوسکا لە سیبریا کە ھەزاران دۆنم دارستانی تەخت کرد و زیانی گەورەی بە ناوچەکە گەیاند. نێزەکی تونگوسکا سەعات 7:17 ی ئێوارەی رۆژی 1908/6/30 لە ڕووباری تونگوسکا بەر زەوی کەوت، دواتریش چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و ھەندێک لە لێکۆڵەرانیش ڕووداوەکە بۆ بەریەککەوتنی نێزەکەکە لەگەڵ تەنێکی ئاسمانیی نەناسراو دەگەڕێننەوە.



AM:10:10:24/08/2017