داهاتی هەشت مانگی پێشوی نەوتی هەرێم ئاشكرا

پەرلەمانتارێكی گۆڕان داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم لە هەشت مانگی ئەمساڵدا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت "لەو ماوەیەدا هەرێم بەبڕی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە".

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، بەپشبەستن بە بەڵگەنامەیەكی كۆمپانیای سۆمۆ، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا رۆژی٢٢ی ئابی 2017، هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لەرێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە.

ئاشكراشیكردوە "نرخی نەوت بە تێكڕا ٥١ دۆلارە، هەرێمی كوردستانیش بڕی ٤٠ دۆلاری لەهەر بەرمیلێك بۆ ماوەتەوە، بەمەش كۆی داهاتی نەوت لەو هەشت مانگەدا، پێنج ملیارو ٢٤ ملیۆن دۆلار بووە".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاشكراشیكردووە، حكومەتی هەرێم لەو ماوەیەدا تەنیا شەش موچەی بە سیستمی پاشكەوت دابەشكردووە، كە دەكاتە سێ ملیار دۆلار، بەمەش دوو ملیارو ٢٤ ملیۆن دۆلار دیار نییە، ئەمە جگە لە داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان كە نادیارە و جگە لە ١٧٠ ملیۆن دۆلاری مانگانەی داهاتی ناوخۆ".



PM:09:18:24/08/2017