بەختیار عەلی وتارێک لەسەر دۆخی ئێستا بڵاودەکاتەوە

بەختیار عەلی ڕۆمانووس و نوسەری بەناوبانگی کورد ڕایگەیاند لە هەموو ئەم ساڵانەدا ئامادەکاریی دەرونی بۆ ڕوداوی گەورە، هەمیشە دوو ڕووی هەبووە. ڕوویەکی ئەپۆکالیپسی قیامەتگەرا کە پێشبینی کارەساتێکی گەورە دەکات، لەگەڵ ڕوویەکی ڕوناکی مژدەهێن کە پێشبینی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بێکێشەی دیموکراتی کوردی دەکات کە ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، لە ژێرەوە زلهێزەکانی دونیا نەخشەیان بۆ کێشاوە. هەر دوو ئەم دیدە، دوو دیدی ئەفسانەیی و خورافاتین.

بەختیار لەو وتارەیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی "bachtyar.com” بە ناونیشانی "لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا" دەڵێت"بێگومان هەر کەس بیەوێت لە وتارەکە تێبگات، دەبێت ئەو ناونیشانە بە تەنز وەربگرێت، بەڵام تەنزێکی تاریک و تاڵ. هەر کەسێک مێژووی ئەم بیست ساڵەی دوایی ئێمە بەوردی تۆماربکات، دەبینێت ئێمە میللەتێکین بێئەوەی هیچ شتێک لابەلابکەینەوە و هیچ شتێک بگۆڕین، بەردەوام لە تەوەهومی ئەوەداین کە ساتێکی مێژووی یەکلاکەرەوە دەژین. لە بیست ساڵی ڕابوردوودا کەم وەرز تێپەڕیوە، تێیدا کایەی سیاسی کوردی ئەو تەوەهومەی لای خەڵک دروست نەکردبێت کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەداین و واپێویستە هەمووان لەم ساتەوەختەدا دەنگیان هەبێت و قۆڵی لێ هەڵبماڵن و گەمەکانی ئەم کایەیە بکەن. هەموو وەرزێک چیرۆکێک هەیە کە خۆی وەک ڕوداوێکی مێژوویی دەردەخات و دواتر دەردەکەوێت کە دونیای ئێمە پێش ئەو «ساتە مێژووییە» و دوای ئەو «ساتە مێژووییە» وەک خۆی بووە"

بەختیار عەلی لە بەشێکی تری ئەو وتارەیدا نوسیویەتی " لە هەموو ئەم ساڵانەدا ئامادەکاریی دەرونی بۆ ڕوداوی گەورە، هەمیشە دوو ڕووی هەبووە. ڕوویەکی ئەپۆکالیپسی قیامەتگەرا کە پێشبینی کارەساتێکی گەورە دەکات، لەگەڵ ڕوویەکی ڕوناکی مژدەهێن کە پێشبینی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بێکێشەی دیموکراتی کوردی دەکات کە ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، لە ژێرەوە زلهێزەکانی دونیا نەخشەیان بۆ کێشاوە. هەر دوو ئەم دیدە، دوو دیدی ئەفسانەیی و خورافاتین، ئەمە بەو مانایە نا کە ناشێت لە سیاسەتدا شتی وا ڕوبدات، بەڵکو بەو مانایەی فەزایەکی دینیی پڕ لە چاوەڕوانی بەهەشتیی و دۆزەخیانەیان لە مرۆڤی کورددا خولقاندوە کە توند بەرەو تێگەیشتنێکی خورافیانەی بردوە. ئەوانەی هیوای گەورە سەوزدەکەن، پاڵپشتیان بە هیچ هێزێکی مادیی و واقعی نییە، بەڵکو پشتیان بە هەندێک وێنە و ئومێدی دێرین و خەونە کە لە سەری خۆیان و لە هەست و نەستی دەستەجەمعی ئێمەدا لە مێژە هەن، واتە باس لە کردارێک دەکەن ئیرادەی هێزێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی لە پشت نییە. ناسیونالیزمی کوردی بە درێژایی دەیان ساڵ لە مێژووی خۆی مرۆڤی کوردی بۆ خەونی گەورە ئامادەنەکردوە، لێرەوە هەمیشە لە عورفی ئەم ناسیونالیزمەدا پشت بەستن بە فاکتەرە غەیبیی و خورافییەکان بەهێزتربوون لە پشت بەستن بە فاکتەرە واقعییەکان."

ئەمەش دەقی وتارەکەی بەختیار عەلییە

ەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا


لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا

بەختیار عەلی

بێگومان هەر کەس بیەوێت لە وتارەکە تێبگات، دەبێت ئەو ناونیشانە بە تەنز وەربگرێت، بەڵام تەنزێکی تاریک و تاڵ. هەر کەسێک مێژووی ئەم بیست ساڵەی دوایی ئێمە بەوردی تۆماربکات، دەبینێت ئێمە میللەتێکین بێئەوەی هیچ شتێک لابەلابکەینەوە و هیچ شتێک بگۆڕین، بەردەوام لە تەوەهومی ئەوەداین کە ساتێکی مێژووی یەکلاکەرەوە دەژین. لە بیست ساڵی ڕابوردوودا کەم وەرز تێپەڕیوە، تێیدا کایەی سیاسی کوردی ئەو تەوەهومەی لای خەڵک دروست نەکردبێت کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەداین و واپێویستە هەمووان لەم ساتەوەختەدا دەنگیان هەبێت و قۆڵی لێ هەڵبماڵن و گەمەکانی ئەم کایەیە بکەن. هەموو وەرزێک چیرۆکێک هەیە کە خۆی وەک ڕوداوێکی مێژوویی دەردەخات و دواتر دەردەکەوێت کە دونیای ئێمە پێش ئەو «ساتە مێژووییە» و دوای ئەو «ساتە مێژووییە» وەک خۆی بووە و ئەوەی وەک ڕوداوی مێژوویی باسی لێوەکراوە، شتێکی ئەوتۆی لە دونیای ئێمە نەگۆڕێوە و هەتا ڕوکەشی مێژووی ئێمەشی نەڕوشاندوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەستەی گوایە لە «ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگداین» هەمووان دەخاتە سەر ئەو خەیاڵەی لە ساتێکی تایبەتدا دەژین، بکەری دابڕانێکی گەورەن، شیکەرەوەی سەردەمێکی نوێن، ڕابەر و ئاڤانگاردی عەسرێکی تازەن. لە ڕاستیدا ئەم وەهمە کە «گوایە مێژووییەک هەیە گەیشتۆتە ترۆپکی خۆی» و «سەردەمێک گەیشتۆتە ساتی گەورەی لابەلابوونەوەی»، بەردەوام بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بازنەیی دووبارەدەبێتەوە، خودی ئەم گەڕانەوە هەمیشەییە و ئەم دووبارەبوونەوە زۆرە، هۆیەکی گرنگە تا تێبگەین کە ئەم وەهمە داپۆشین و شاردنەوەی پێچەوانەکەیەتی، واتە مێژووی ئێمە لە ڕاستیدا بێ هیچ «ڕوداوێکی گەورە» و بێ هیچ «لابەلابوونەوەیەکی ڕاستەقینە» ڕەوتدەکات. ئەوەی بۆدریار پێیدەڵێت «مانگرتن لە ڕوداو» خەسڵەتێکی ترسناکی ئێستای ئێمەیە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ کردار و جوڵەیەک بوونی نییە، بەڵکو بەو مانایەیە کە وەهم جڵەوی هەموو دیاردەکانی گرتووە، چاوەڕوانی خەیاڵی و خورافی بزوێنی سەرهەڵدانی ئەو دیاردانەیە کە ئێمە وەک ڕوداو لە ناویاندا دەژین.
ئایا وەزیفەی تەواوەتی «ساتە وەختی مێژوویی گرنگ» لای ئێمەی کورد یان ڕۆژهەڵاتی چییە?. بۆ سیستەم هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگە هەستبکەین لە ساتەوەختێکی مێژوویی گەورەدا دەژین? بۆ گرنگە حەماسەتی خەڵک و ڕۆشنبیران و سیاسییەکان بەردەوام لە فەزا و کەشوهەوای ئەوەدا بێت کە گوایە شتێکی گرنگ ڕوودەدات، کارەساتێکی ترسناک یان سەرکەوتنێکی مێژوویی بەڕێوەیە?. ئەم نوسینە هەوڵێکی بچوکە تا لە رێگای چوار خاڵی سەرەکییەوە ئەوە ڕوونبکەمەوە کە «تێزی ساتەوەختی مێژوویی گرنگ» بەشێکی ئۆرگانی ئیشکردنی سیستم خۆیەتی، تا هەست بەو بۆشاییە قووڵ و گەورەیە نەکەین کە تێیدا دەژین. بە بڕوای من لە ناو خودی ئەو پرۆسەیەشدا زۆر لە گەرا ترسناکەکانی فاشیزم دەدۆزینەوە.



بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونەوەکان

لەگەڵ دروستکردنی ئەو هەستەدا کە ئێستا ساتی لابەلابوونەوەیە و ڕۆژی ڕوداوی مێژووییە، مرۆڤەکان هەستی ئینتیمای خۆیان بەهێزتر دەکەن و دابەشبوونەوەکان قووڵتر دەبنەوە. لە فەزایەکی سیاسیدا کە بەردەوام ئامادەی هەڵچوونە و ڕۆژانە ئەو خەونە خۆشدەکرێت کە شتێکی گرنگ قەوماوە یان خەریکە دەقەومێت، ئینتیما دەبێتە هێزێکی گرنگ بۆ خۆپاراستنی تاکەکان. ئەمڕۆ زۆر لە ڕۆژنامە و سایتەکانی کوردستان بەردەوام بە وشەی «قەوما ... شۆک ... دەستی پێکرد ... جێی باوەڕ نییە ... کارەساتە گەورەکە بەڕێوەیە ... مژدە گەورەکە هات» مانشێتەکانیان دەڕازێننەوە. ئەم مانشێتانە تەنیا لە کەم فامی ڕۆژنامەنوسێکی نەزانەوە نەهاتوون کە بەوجۆرە دەیەوێت سەرنجی خوێنەران بۆ بابەتە پوچەکانی ڕابکێشێت، بەڵکو ئاماژن بۆ تەواوی ئەو فەزا سیاسییەی کە تیادەژین، هەڵگری ڕۆحی ترسناکی ئەو سەردەمەن کە تێی کەوتووین. ئەوەی بەردەوام لە ژێر گوشاری ئەوەدابین کە وا خەریکە شتێکی ترسناک دەقەومێت، هەستێکە وادەکات مرۆڤەکان خێرا داڵدەیەکی سیاسی بدۆزنەوە لەو گێژاوەدا یارمەتیانبدات و ئاڕاستەیان پێ ببەخشێت. هەستکردن بەوەی لە ساتێکی مێژوویی گرنگدا دەژین، هەمیشە هاوشانە بە هەستکردن بە خەتەریش، بەوەی پاشەڕۆژێکی نادیار چاوەڕێمانە، بەوەی دەبێت خێرا دوودڵییەکان بپچڕێنین و ئینتیمای خۆمان بدۆزینەوە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناو ئەو هێزانەدا یەکێک هەڵبژێرین کە دەتوانێت نوێنەرمان بێت. بەوەدا شتی گەورە خەریکە ڕوودەدات و منی تاک هێشتا مەخلوقێکی بچوک و ڕووتم، بەوەدا یاری گەورە هەیە و بوونی من لەرزۆک و مۆلەقە، دەبێت ئینتیمایەک و گروپێک هەبێت وەلا و وەفاداری خۆمی پێ ببەخشم. هەموو ئەم شتانە پاڵنەرن تاک خێرا لە ناو دابەشبوونەکاندا خۆی ساغبکاتەوە و خۆی بە لایەکدا بخات.
بۆ مرۆڤێکی ترساو، کەسێک کە ژیانی مادی و ڕۆحی بەردەوام لە ژێر ترس و هەڕەشەدایە، ئەو دەنگە پڕ زرمە و زرنگانە، هاندەرێکی گەورەن ڕابکاتە ژێر باڵی گروپ و ئینتیما گەورەکانەوە، توند و شەڕانگێزانە بۆ شوناسێکی سیاسی بگەڕێت بیپارێزێت. دەرەنجامەکانی ئەو پێداگرییە لەسەر ڕوداوی گەورە ئەوەیە کە پێویستە ئینتیما و شوناسەکان تۆخبکەینەوە، کەسێک نەمێنێتەوە لەدەرەوەی دابەشبوونەکان. هەڵبەت لێرەدا ئەو هێزانە سەرکەوتوون کە مێژوویەکی ڕابوردووی بەهێزیان هەیە، ئەمانێکی زیاتر پێشکەشدەکەن، پێکهاتێکیان هەیە و دەتوانن هەستی ئینتیمایەکی بەهێز بە ئەندامەکانیان ببەخشن، واتە هەڵگری ئەو سیفەتانەن کە جۆرێک لە تەسلیمبوونی ڕەها و هیپنۆتێزەی فاشیستیانە بە ئەندامەکانیان دەبەخشن. گرنگترین شت بۆ سیستم ئەوەیە لە پرۆسەی خانەخانەکردنی کۆمەڵگا و دابەشکردنی شوناسدا کەسێک نەمێنێتەوە نەخرێتە یەکێک لە خانەکانەوە، ئەوە ئەو پرۆسەیەیە کە کایەی سیاسی «بە هەموو باڵەکانییەوە» خۆشحاڵانە توند و تۆخی دەکاتەوە. بەجۆرێک کۆمەڵگای ئێمە ئێستا بە شێوەیەک پارچەپارچە و دابەشبووە، هەموو بێئاگاییەک لە قسەکردندا خودی ئەو دابەشبوونانە قووڵتر و قووڵتر دەکاتەوە.


ڕوخساری ئەفسانەیی «ڕوداوی گەورە»


لە هەموو ئەم ساڵانەدا ئامادەکاریی دەرونی بۆ ڕوداوی گەورە، هەمیشە دوو ڕووی هەبووە. ڕوویەکی ئەپۆکالیپسی قیامەتگەرا کە پێشبینی کارەساتێکی گەورە دەکات، لەگەڵ ڕوویەکی ڕوناکی مژدەهێن کە پێشبینی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بێکێشەی دیموکراتی کوردی دەکات کە ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، لە ژێرەوە زلهێزەکانی دونیا نەخشەیان بۆ کێشاوە. هەر دوو ئەم دیدە، دوو دیدی ئەفسانەیی و خورافاتین، ئەمە بەو مانایە نا کە ناشێت لە سیاسەتدا شتی وا ڕوبدات، بەڵکو بەو مانایەی فەزایەکی دینیی پڕ لە چاوەڕوانی بەهەشتیی و دۆزەخیانەیان لە مرۆڤی کورددا خولقاندوە کە توند بەرەو تێگەیشتنێکی خورافیانەی بردوە. ئەوانەی هیوای گەورە سەوزدەکەن، پاڵپشتیان بە هیچ هێزێکی مادیی و واقعی نییە، بەڵکو پشتیان بە هەندێک وێنە و ئومێدی دێرین و خەونە کە لە سەری خۆیان و لە هەست و نەستی دەستەجەمعی ئێمەدا لە مێژە هەن، واتە باس لە کردارێک دەکەن ئیرادەی هێزێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی لە پشت نییە. ناسیونالیزمی کوردی بە درێژایی دەیان ساڵ لە مێژووی خۆی مرۆڤی کوردی بۆ خەونی گەورە ئامادەنەکردوە، لێرەوە هەمیشە لە عورفی ئەم ناسیونالیزمەدا پشت بەستن بە فاکتەرە غەیبیی و خورافییەکان بەهێزتربوون لە پشت بەستن بە فاکتەرە واقعییەکان. ناسیونالیزمی کوردی بەدرێژایی مێژوو، ناسیونالیزمێکی خورافەتباز بووە، بەدەگمەن لە مێژووی خۆیدا لەسەر ترسی واقعی و ئومێدی ڕاستەقینە ئیشیکردوە. کاتێک لەوە ترساوە باسی دەوڵەت نەکات ترسەکانی خورافی بوون، هەموو مێژووی خۆی حاشای لە دروستکردنی دەوڵەت کردوە، بە جۆرێک نە لە ڕووی دەروونی و نە لە ڕووی عەقڵییەوە، نە مرۆڤی کورد و نە جیهانی دەوروبەری بۆ ڕوداوێکی وەها ئامادەنەکردوە. ئێستاش ئومێدەکانی لەسەر خەون و هیوا بونیادناوە. ئاخۆ ئەم خورافەتانە چۆن لەگەڵ واقعدا تێکەڵدەبن و کارلێکدەکەن، ئەوە شتێک نییە پێشبینی بکرێت. دەشێت هەندێ جار ئەفسانە ببێتە ڕاست، وەک دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل کە سەدان ساڵ تەنیا ئەفسانەیەکی ڕووت بوو، بەڵام ئەمە نمونەیەکی زۆر دوبارە و باو نییە، چونکە زۆربەی جار خورافاتە سیاسییەکان لە کارەساتی واقعیدا تەواودەبن. مێژووی کۆمۆنیزم یان مێژووی ناسیونالیزمی عەرەبی نیشانەیەکی زەقن چۆن خورافەتی سیاسی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان لە ناوەوە وێراندەکات و بەرەو جۆرێکی توندتر و رادیکالتر لە جیهانبینی غەیبی کێشیاندەکات. شتێکی سەیر نییە کە دوای هەرەسی ناسیونالیزمی عەرەبی و یاریکەرە هەرە خورافەتبازەکەی «سەدام حوسەین» «کە لە دوا وێستگەی حوکمیدا بە ئومێد بوو تەیرەن ئەبابیلە پێشڕەویی ئەمریکییەکان بۆ بەغداد بوەستێنێت» دیاردەیەکی وەک داعش دروستدەبێت. دونیابینی غەیبی و ئەفسانەیی هەمیشە جێگرەوەی غەیبانیتر و خورافەتبازتر دەخاتە شوێنی خۆی.
بەدیوی ئەودیودا هەڵگرانی ڕوانینی کارەساتبار گەرچی ئاماژە بۆ مەترسی واقعی دەکەن، بێئەوەی بە خۆیان بزانن لە ڕێگای سەوزکردنی بەردەوامی ڕوانینێکی قیامەتئاساوە بۆ ئێستا، لە ڕێگای شوبهاندنی دۆخی سیاسی بە دۆخی «پێش بومەلەرزە» و «سەعاتی پێش تۆڤان» لە بری جوڵاندنی هێزی بیرکردنەوە و توانای گۆڕان، فەزایەک دەخولقێنن زۆرینەی خەڵک ڕادەکێشێتە ژێرباڵی ئەو هێزانەی ئەمانێکی سیاسی و دینی و دڵنەواییەکی دەرونی دەبەخشن. ترس هەستێکی دەرونییە کە جیایە لە خودی مەترسی کە دەشێت ڕەگوڕیشەی زۆر ڕاستەقینەی هەبێت. ترسی زۆر، بڕێکی زۆر لە مرۆڤە سادەکان و خەڵکی عەوام بەرەو باوەشی هێزە دەسەڵاتدار و دیماگۆگ و پروپاگەندە چییەکان ڕادەکێشێت. ئەزموونی مێژوویی مۆدێلە فاشیستییەکان پێمان دەڵێن ترس وا لەخەڵک ناکات بە سەر کانگا و سەرچاوەی ترسەکاندا شۆڕشبکەن، بەڵکو وادەکات بەرەوپیری بڕۆن و ببن بە کۆیلەی.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئێستا ترس و هیوای گەورە بەیەکەوە بەرهەمدێن. زۆرجار دژ بە یەک و هەندێجاریش لە پاڵ یەکدا. سیاسەتی ڕۆژانە تەنیا لەسەر خرۆشاندنی ئەو ترس و هیوایانە ئیشدەکات. ئەم خرۆشە دەشێت هەم حەماسەتێکی ترسناک وە هەم ئیفلیجییەکی ترسناک بخولقێنێت. بەجۆرێک لە جۆرەکان دەتوانین بڵێین کە خودی ئەم دۆخە تەنیا دۆخێکی خرۆشاویی ئیحساساتییە. سیاسەت چیتر پردێکی لەگەڵ عەقڵدا نەماوە. هێزی کاریگەر لێرەدا ئەو جۆرە هێزانەن کە زۆرترین ترس یان زۆرترین هیوا دەجوڵێنن. هەر یەک لەم دوو هەستەش دروستکەرێکی گەورەی شەڕانگێزین. کۆمەڵگایەکی ترساو یان خەڵکێک کە ئەو هەستە درۆزنانەی تێدا چێنراوە کە لە بەردەرگای سەرکەوتنێکی مێژوویدان دەتوانن بێئەندازە شەڕانگێزبن. لێرەوە خولقاندنی ئەم چرکەساتانە، میکانیزمێکی سەرەکییە بۆ سیستەم تا لە ڕێگایەوە هەم شەڕانگیزی و هەم ستراکتورە ناجێگیر و کۆنەکانی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە.


تەمومژی دەستکرد لە «ساتەوەختی مێژوویی گرنگدا»


لەو ساتانەدا کە هەستدەکەین شتێکی گرنگ بەڕێوەیە، سیاسەت و میدیاکان «کە هەردووکیان دوو جەستەی لێکنەترازاون و یەک یەکتر تەواودەکەن» ئیقاعێکی خێرا دەخولقێنن، بەزمانێک کە پتر لە دە دەقیقەی کۆتایی یارییەکی گرنگ دەچێت دەدوێن، لێرەدا دەنگی بکەرەکان پتر لە قیڕەقیڕ، هاوار، تاسان، قرغە، قیژە دەچێت. دەنگ، سروشتە ئاساییەکەی خۆی وندەکات، زمان گەر بوونی بمێنێت، ئەوا ئەو زمانە نییە کە لە دۆخی ئاساییدا دەدوێت. ئەمە ئەو ساتەیە کە هەمووان دەیانەوێت بدوێن و هەموو دەبێت بدوێن، بەجۆرێک لە ناو ئەو ژاوەژاوەدا هیچ دەنگێک لەوی تر جیاناکرێتەوە. خودی جەوهەری شانۆگەرییەکەش ئەوەیە کە هیچ دەنگێک لەویتر جیانەکرێتەوە. دەبێت هەمووان بێنە ناو ئەو ژاوەژاوەوە، هەموو بەشداربوویەکیش تووشی ئەو وەهمە ببێت و ئەو خەیاڵە خۆشە بژی کە دەنگی ئەو دەنگی زاڵە و هەمووان چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئەویان کردوە. بەم ستراتیژە هەموو بکەرەکان هەم خۆیان بە بکەری مێژوویی دەزانن، هەم مێژووش لە بازنەی بۆشی خۆیدا دەسوڕێتەوە. ئەوەش جەوهەری ئەو خواستەیە کە سیستم ئیشی بۆ دەکات، هەمووان بجوڵێن و هەموو شتێکیش لە جێگای خۆی بێت.
لێرەدا تەواوی ئەکتی سیاسی و میدیایی دەبێت بە جۆرێک لە ماراسۆنی ڕۆژانە کە بەرەو هیچ هەڵپەدەکات. زمان دەبێتە زمانێکی ڕۆژانەی خێرا، کە بە چرکە بچوکەکانەوە دەبەسترێتەوە. میدیا دۆخێک دەخولقێنێت کە خوێنەرەکانی دەبێت لە پرۆسەی پەرچەکردارێکی بەردەوام و ساتەوەختیدابن. بەرامبەر هەموو لێدوانێک و سەردانێک و هەواڵێک مرۆڤەکان دەبێت پەرچەکرداریان هەبێت، بەجۆرێک میکانیزمی پەرچەکردار دەکەوێتە وەها ڕەوتێکی خێراوە، چیتر بەرچاوڕونییەک و تێگەیشتنێکی ئاشکرا و شیاو دەستەبەر نابێت... تا روداوەکان خێراتر و گرنگتربن، تا دەنگە جیاوازەکان پێچەوانەتر و نەگونجاوتربن، تا ژاوەژاوەکە زیاتر گوێ کەڕبکات و مرۆڤ بەرەو ناحاڵی بوونی زیاتر بەرێت، دروستکردنی وێنەیەکی ڕوون و تێگەیشتنێکی گشتی دەبێت بە کارێکی مەحاڵتر. ئەم دۆخەش کە سیاسەت و میدیا پێکەوە دەیخولقێنن دۆخێکی کاتی یان تێپەڕ نییە، بەڵکو میکانیزمی سەرەکی مانەوە و بەردەوامی هەردووکیانە. سیاسەت و میدیا لە کوردستاندا دوو مەکینەن کە یەک ماتۆڕیان هەیە، ئیشی ئەم ماتۆرەش بەرهەمهێنانی ناڕوونی و بەرچاولێڵییە.
ناڕوونی «ابهام» بەشێکی ئۆرگانی سیاسەتی هێزە کوردییەکان بووە، خودی سەرکردەگەورەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی بەرهەمهێنێکی ڕاستەقینەی ناڕوونی و ابهام بوون، جگە لە هەڵوێستی ڕوونیان لە ململانێی حیزبی و دوژمنایەتی ئاشکرایان بۆ ڕکابەرە حیزبییەکانیان، هیچ هەڵوێستێکی ڕوونی تریان بەرامبەر ئەم دونیا و ئەو دونیا نەبووە. لێرەدا «ابهام» تەنیا نیشانەی نەبوونی گەشەی عەقڵی و فیکری پێویست نییە، بەڵکو میکانیزمێکی مانەوەیە، دروستکردنی ناڕوونی و تەمتومان، دروستکردنی دۆخێک کە ئینسانەکان لە سیاسەت و دونیا تێنەگەن و بەردەوام بپرسن «بەرەو کوێ?». ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان گاڕانی خۆیان بە دوای خۆیاندا ڕابکێشن، ناڕوونی و ابهام هەم سروشتێکی مستیکی و دینی بە سیاسیەت دەبەخشێت هەم ئەو ترسە پێویستە دروستدەکات کە وا لە خەڵکی سادە دەکات تا کۆتایی بۆ ڕێنمایی و ڕابەریی دوای حیزب بکەون.
لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا گوزارەی «هەڵوێستمان ڕوون و ئاشکرایە» هەمییشە ئەو پەردە درۆزنە بووە کە دراوە بەسەر ناڕوونییەکی قووڵ و خۆلێڵکردنێکی ترسناکدا. لە بن ئەو لێڵییەدا شتێکی تایبەتی و نهێنییەکی سیاسی گەورە نییە حیزب شاردبێتییەوە، بەڵکو خودی ئەو ناڕوونییە مەرجی دروستبوونی ئەو تێڕوانینە سەتحییەیە کە دواتر بە هەندێک دروشمی درۆ و خێرا خۆی ڕووندەکاتەوە و قەناعەت بە عەوامی خەڵکی دەهێنێت. دروستکردنی تەمومژ و لێڵی و ژاوەژاوی زۆر، مەرجی سەرەکین تا حیزب بتوانێت بە کۆمەلێک دروشم و هوتاف و هەستی خرۆشێنەرانە وا لە هەوادارانی بکات هەستبکەن حیزب ڕێگای نیشانداون. فاشیزم بەکارهێنانێکی ئۆرگانی و ستراتیژی ئەو ناڕوونییەیە، لە ناو ئەو لێڵی و تەمومژەدا، هێزە سیاسییەکان بە وێنەیەکی ڕوونی دوژمنەوە، بە وێنەیەکی ڕوناک یان تاریکی پاشەڕۆژەوە، بە دروشمی پڕ حەماسەوە، بە خرۆشان و ختوکەدانی هەستی نەتەوەیی و ناوچەییەوە، بە زمانێکی سەتحییەوە کە هەتا نەخوێندەوارەکان دەتوانن تێیبگەن و فەنتازیاکانی خۆیانی تێدا جێگابکەنەوە ، دێنەپێشێ. کۆمەڵێک دروشم بەشی عەقڵە سادەکان دەکات، هەموو خەون و خەیاڵ و ترسەکانی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.


بەستنەوەی ئاسۆکانی بینین بە ئێستاوە


گرنگترین شتێک بۆ حیزب و سیاسی کورد ئەوەیە، کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤی کورد یادەوەری نەبێت، واتە بە هیچ جۆرێک ڕوداوەکان و ڕاستییەکانی ڕابوردوو قورساییەکیان لەسەر تێڕوانینی ئێستای نەبێت. باشترین ڕێگا بۆ حیزبێک تا هەمیشە نوێ بێت و بۆ سەرکردەیەک تا هەمیشە سەرکردە و سەمبول بێت، ئەوەیە یادەوەری دەستەجەمعی مرۆڤی کورد ئیفلیجبکرێت. ئەو ئیفلیجییەش لە یەک ڕێگاوە دەستەبەر دەبێت، لە ڕێگای ئاوساندن و فووتێکردن و گەورەکردنی ئێستاوە.
لە مێژووی کورد دا بەردەوام گوێمان لەو ڕستەیە دەبێت «دەبێت ڕابوردوو بخەینە لاوە». لێرەوە دەبێت میکانیزمێک هەبێت کە تەواوی عەقڵ و خەیاڵی مرۆڤی کورد ببەستێتەوە بە ئێستاوە. ستراتیژی نیشاندانی ئێستا وەک «ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگ» بەشێکە لە میکانیزمی دروستکردنی فشارێک تا واهەستبکەین کە ئێستا هێندە دۆخێکی مێژوویی مەترسیدارە بواری گەڕانەوە و بیرکردنەوە لە ڕابوردوو نییە. گەورەکردنی خسوسییەتی ئێستا لەوەوە دێت کە وا لە ئێمەبکات تەواوی هێز و خەیاڵمان نەچێت بۆ دوور، بڵێین ئێمە لێرەدا دەژین و ئەمە ئەگەرەکانی بەردەستمانە و مەحکومین بە هەڵبژاردنی یەکێک لەم ئەگەرانە. لە ڕاستیدا ئەم پرۆسەیە بچوککردنەوەی تەواوی مێژووە بۆ یەک چرکە، واتە داخستنی ڕەهای ئاسۆکانی بینینە، جیاکردنەوەی ئینسانە لە هەموو ئەو ئەگەرانەی تر کە دەشێت لە بەردەمیدا بن. مەحکومکردنی مرۆڤە لە نێوان کۆمەڵێک ژەهردا یەکێکیان هەڵبژێرێت و بینۆشێت. کارەساتی گەورەی ئەم دۆخە ئەوەیە کە هێزی گەڕان بۆ ئەلتەرناتیڤ تەواو پەکدەخات، بەڵام لەوە کارەساتتر ئەوەیە، ئەم چرکەیە بە هەمان شێوە ئەوانە دروستیدەکەن و تۆخیدەکەنەوە کە بۆ ئەلتەرناتیڤ دەگەڕێن، بێئەوەی ئەو ڕاستییە بزانن کە پرۆسەی گەڕان بۆ ئەلتەرناتیڤ لە خۆ ڕزگارکردنەوە دێت لەو جەبرە ترسناکانەی پێداویستییەکانی ئینتیمای خێرا داوایدەکات. کێشەی گەورەی ئەم دۆخە ئەوەیە کە لە قووڵاییدا هەموو ئەگەرێکی ئۆپۆزسیۆن بوونی کوشتوە، چونکە مەرجی سەرەتایی ئۆپۆزیسیۆن بوون ئەوەیە، ئەو یارییانە نەکەیت کە سیستم پێویستی پێیەتی و دەیکات.



PM:05:49:25/08/2017