کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ڕوونکردنەوە دەدات

کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران لەبارەى ڕووداوەکەی قەزاى چۆمان ڕونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند "ئامادەن بە ناوبژیوانى یاساکان و حکومەتى هەرێم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".

سکرتاریەتى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران  ڕاگەیاندراوێکى لەبارەى ڕووداوی گوندى گوندەژوور لە سنووری قەزاى چۆمان بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە "بە داخەوە ئاگادار بووین کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک دێی گوندەژوور سەر بە ناحیەی چۆمان تێکهەڵچوونێکی نەخوازراو لە نێوان چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندە کە چەکداربوون و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە روویداوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەو رووداوە کاتێک روویدا کە ئەو چەند هاووڵاتییە بە چەکەوە چوونە سەر شوێنی ئەو پێشمەرگانە و لە ئەنجامی ئەو ناخۆشییەدا تەقەیەک لە نێوانیاندا سەریهەڵدا و بە داخەوە دوو کەس لە خەڵکی گوندەژوور گیانیان لە دەستدا و کەسێکیش برینداربوو".

کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران ڕاشیگەیاندووە "ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادار نین، بەڵام پێش هەموو شتێک پرسە و هاوخەمی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو گیانبەختکردووانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین".

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى کۆمەڵەدا ئەوە خراوەتەڕوو "داوا لە هەموو لایەنی پەیوەندیدار و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێور کردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن،  با یاسا و حکوومەتی هەرێم لە نێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەر بکەن و نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێ وەرگرن".

ئێوارەى ئەمڕۆ تەندروستی چۆمان ڕایگەیاند، لە گوندێکی نزیک لە سنورەکانی ئێران، بەهۆی کێشەیەکەوە لەنێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چەند هاوڵاتییەکی گوندەکەدا دوو برا کوژران و دوو برای دیکەشیان برینداربوون.



PM:11:17:25/08/2017