بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبوک لە مەترسییەك ئاگادار دەكرێنەوە

ھۆشدارییەک بۆ بەکارھێنەرانی پڕۆگرامی تۆڕی پەیوەندیی (ماسنجەری فەیسبووک) بڵاو بووەتەوە، کە تێیدا لە نەکردنەوەی بەستەر (لینک)ێکی ساختە، ئاگاداریان دەکاتەوە.

میدیا تەکنۆلۆژییە جیھانییەکان ھۆشدارییەکیان بۆ بەکارھێنەرانی ماسنجەری فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکەن، کە ھاکەران لینکێکی ساختەیان دروست کردووە، کە لینکەکە بە وشەی (bit.ly) کۆتایی پێ دێت، لەم لینکەشدا و ھەر جارە و بە ناونیشانێک، دەیانەوێت بەکارھێنەرانی ئەو پڕۆگرامە ھاک بکەن و وێنە، ڤیدیۆ و زانیارییە تایبەتەکان بدزن.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەگەر ھەر لینکێکت لە لایەن ھەژمارێکی ساختەوە بۆ ھات، یان لە لایەن ھەر کەسێکەوە بۆ ھات و نووسرابوو: "بڕە پارەیەکی زۆرت بردووەتەوە"، یان باس لەوە کرابوو کە ماسنجەرەکەت نوێ (Update) دەکاتەوە، کلیکی لەسەر مەکە، بەڵکوو بە خێرایی بیسڕەوە و ھەژماری ئەو کەسەش بڵۆک بکە.

پڕۆگرامی ماسنجەری فەیسبووک، لە ساڵی 2011دا کارا کرا، ئێستاش بەکارھێنەرێکی زۆری لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە، کۆمپانیای (فەیسبووک)ی ئەمریکیش خاوەنیەتی، ھەروەھا بە یەکێک لە باشترین پڕۆگرامەکانی تۆڕی پەیوەندی دادەنرێت.




AM:11:33:27/08/2017