میدیاکانى ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە ئیتاڵیا سنورەکانی بە رووی ئەو کۆچبەرانەدا دادەخات کە لە کەناراوەکانی لیبیاوە دەریای ناوەڕاست دەبڕن و خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتە.
مارکۆ مینیتی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا دوێنێ شەممە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی لیبیا و ژمارەیەک لە سەرۆک شارەوانیەکانی لیبیا کۆبووەتەوە، بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنێک لە سەرەتای ئەمساڵ بەشێوەیەک کە هەردوو وڵات رێگری دەکەن لە کۆچی کۆچبەران.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خرایەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دیاردەی کۆچ و بەقاچاغ بردنی کەلوپەل لە ژمارەیەک شارۆچکەی لیبیاوە.
لەدوای کۆبوونەوەکەش وەزیرانی ناوخۆی لیبیا و ئیتاڵیا بەیانامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە گەنجانی لیبیا پێویستیان بە داهاتوویەکی پڕ ئومێدە، کە دووربێت لە هەڕەشەی ڕێکخراوە تاوانکارەکان.
پێشتر بە گوێرەی رێککەوتنێک، ئیتاڵیا هاوکاری دارایی بە لیبیا بەخشی و مەشق و راهێنانی بە هێزە ئەمنیەکانی لیبیا کرد بۆ ئەوەی ڕێگرى لە لێشاوی کۆچبەران بکات بۆ وڵاتی ئیتاڵیا.