دوو موسڵمان بەهۆی گواستنەوەى مانگا بە ئۆتۆمبێل لە سێدارەدران

پۆلیسی هندستان ڕایگەیاند، دوو موسڵمان لەلایەن گوندنشینانی گوندێکی هیندستان لەکاتی گواستنەوەی مانگادا بە بارهەڵگر، لێیاندراوە و دواتر لەسێدارەدراون.

بەگوێرەی ووتەی پۆلیس، دوو موسڵمانەکە لە ویلایەتی خۆرئاوای بێنگال لە نزیک سنوری بەنگلادیش بە بارهەڵگرەکانیان مانگایان گواستووەتەوە و لەلایەن گوندنشینانی گوندێکەوە ڕێگەیان لێگیراوە.

ئانوج شاراما بەرپرسی باڵای پۆلیس لە ویلایەتی ڕۆژئاوای بێنگال وتوویەتی "گوندنشینەکان ڕێگەکەیان داخستووە و موسڵمانەکانیان ناچارکردووە کە ئوتومبێلەکانیان ڕاگرن. دواتریش دایانبەزاندوون و لەسێدارەیانداون''.

پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا زووە کە قسە لەسەر ئەوە بکەن کە ئایا هۆکاری کوشتنەکە ئاینی بووە یان ئەو دوو کەسەی کوژراون مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ مانگاکان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە جیا لە ویلایەتەکانی تری هیندستان کە ڕێگە بە سەربڕینی مانگا نادەن، ویلایەتی ڕۆژئاوای بێنگال مۆڵەتی سەربڕینی مانگای داوە، تەنانەت لە هەندێک ویلایەتدا ئەگەر یاساکە بشکێنرێ و مانگا سەرببڕدرێت ئەوا کەسەکە زیندانی هەتاهەتایی دەکرێت.

هەر ئەمساڵ و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین موسڵمانی تر لەسەر هەمان پرس لەلایەن گروپەکانی "پارێزەرانی مانگا"وە کوژراون، ناریندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش ئیدانەی کوشتنی لەژێر ناوی "پاراستنی مانگا"دا کرد.



PM:07:39:27/08/2017