دادگای نەزاھەی عیراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هۆشیار زێباری دەرکرد و پێدەچێت ساڵێک بۆ حەوت ساڵ زیندانی بکرێت.
بەپێی نوسراوێکی پشکنەری گشتی وەزارەتی دارایی عیراق کە بەرواری ٢٢-٨ی لەسەرە و دەست "سپی میدیا" کەوتووە دادگای تایبەت بە نەزاھە چەند بڕیارێکی دژی ھۆشیار زێباری وەزیری پێشوی دارایی دەرکردوە و ھەندێک لەو بڕیارانەش پلەی یەکلایی کردنەوەی وەرگرتوە.
ئاشکراشیکردوە، جگە لە ھۆشیار زێباری، ئەو بڕیارانە سێ کەسی تریش دەگرێتەوە کە پلەی وەزیفی تایبەتیان ھەیە، بڕیارەکانیش بریتین لە فەرمانی دەستگیرکردن و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی گوازراوەو نەگوازراوەو زیندانیکردن لە ساڵێک بۆ حەوت ساڵ، وەزارەتی داراییش دەتوانێت داوای قەرەبویان لێبکات.
پشکنەری گشتی لە نوسراوەکەیدا ئاشکرایکردوە، ئەو تۆمەتبارانە، واتە ھۆشیار زێباری و سێ کەسی تر، تۆمەتبارن بە زیانگەیاندنی ئەنقەست بە وەزارەتی دارایی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی کە بڕەکەی بە چەندین ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.