ئەردۆغان سەردانی ئێران دەکات

وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەم نزیکانە سەردانى ئێران دەکات، بەڵام تائێستا وادەی سەردانەکەی دیاری نەکراوە.

بەهرام قاسمى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا سەردانى ئێران دەکات و کاتی سەردانەکەیشی تا ئێستا بەتەواوى دیارینەکراوە .

ئاماژەى بەوەشکردووە، "سەردانەکە بۆ زیاتر نزیک بوونەوەى هەردوو وڵاتە و هیوادارین  بتوانین پەیوەندییەکانمان  بگەیەنینە ئاستێکى نمونەیی".

بەهرام قاسمى ڕاشیگەیاندووە، "بوارەکانى هاوکارى سەربازى و مەشق و ڕاهێنان و کێشەکانى سنوور و پێشهاتەکانی ناوچەکە و دژایەتى تیرۆر لەنێوان هەردوو  وڵات تاوتوێ دەکرێت".

هاوکات ئاژانسی تەسنیمی ئێرانى ڕایگەیاندووە، "سەردانى پێشترى سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئێران بۆ تورکیا وای کردووە پەیوەندییەکانمان باشتر ببێت".

ماوەى ڕابردووش سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئێران سەردانى تورکیای کرد و دواتریش ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئیران پێکەوە لە چیاکانى سەر سنووردا هێرش دەکەینەسەر پەکەکە.



PM:06:59:28/08/2017