سەنتەری میترۆ لەسەر ڕاگرتنی ئێن ئاڕتی هاتە دەنگ

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان لەسەر ڕاگرتنی پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "ئەوکارە پێچەوانەی یاسایە".

دەقی بەییاننامەکەی سەنتەری میترۆ:

بڕیاری راگرتنی پەخشی ناوخۆی كەناڵی ئێن ئاڕ تی پێچەوانەی یاسایە

28ی ئابی 2017: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، بڕیاری راگرتنی پەخشی ناوخۆی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاو كردنەوەی هەولێر لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە، لەگەڵ پرەنسیپەكانی ئازادی رۆژنامەنوسی و یاسا نێوخۆییەكان یەكناگرنەوە .

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی كە بڵاوبۆتەوە تێیدا هاتوە، بەپێی فەرمانی ژمارە ٦١٩ و لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٤ بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و هەروەها بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ی ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیسی هەرێمی کوردستان و ماددەی پێنجەم / خاڵی دووەم/ سەرپێچی ژمارە (أ) لە ماددەی سێیەم بڕگەی دووەم / خاڵەکانی ١،٢،٣،٤،٥،٦ هاتووە، بڕیار درا بە ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی (NRT) لەسەر تۆڕی (DVBT/T2) بۆ ماوەی یەک هەفتە.

شایەنی باسە ئەمە یەكەم جار نیە بە پاساو بیانوی جیاجیا  فشار دەخرێتە سەر كەناڵی ئێن ئاڕتی كەئەمەش لەگەڵ یاسای كاری رۆژنامەوانی ناگونجێت.

ئێمە لەسەنتەری میترۆ بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارە دەكەین داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین بە زووترین كات بەو بریارەیدا بچێتەوە، چونكە بڕیارەكە هێزی یاسای نییە و ناكرێت بڕیارەكان پێچەوانەی یاساكانی حكومەتی هەریمی كوردستان  بن، پێویستە لەسەر هەموو لایەك كە ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەربڕین بپاریزیت و  لەژێر هیچ پاساوێكدا پێشێلنەكرێت، بەتایبەتیش كەناڵی ئێن ئاڕتی كە مۆڵەتی فەرمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:07:49:28/08/2017