لەسەر تاپۆكردنی موڵكەكانی گۆڕان بەناوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا كاردانەوەی جیاواز لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت و پەرلەمانتارێكی ئەو بزوتنەوەیەش ڕایدەگەیەنێت " گردی زەرگەتە موڵكی گۆڕانە نەك كوڕەكانی كاك نەوشیروان"
بێستون فایەق، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، لەڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو "بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی خاوەن مۆڵەتی فەرمی كاركردن لە كوردستان و عێراق خاوەن كەسایەتی مەعنەویە و ئەسڵ وایە گردەكە و هەموو مومتەلەكاتەكانی تری گۆڕان بە رەسمی بكرێن بەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەك كوڕەكانی كاك نەوشیروان ".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیە دەڵێت "كاك نەوشیروان وەك سەركردە و شۆڕشگێڕ هەموو مافێكی بەسەر ئەم نیشتیمانەوە هەیە، كوڕەكانیشی شایەنی پاداشت و رێزلێگرتنن بەڵام گردی زەرگەتە گردی پێنج سەد هەزار دەنگدەری گۆڕانە، زەرگەتە جێ ئومێد و ماڵی هەزاران نان بڕاو سزادراوی سیاسیە، گردی زەرگەتە تاكە ئومێد و تەنها تروسكای میلەتێكە، گردی زەرگەتە ئێستا شوێنی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و شوێنی سەدان كادر و هەڵسوڕاو ئەندامی گۆڕانە كە میلەتێك چاوی لە دەستیانە ".
ناوبراو ڕاشیدەگەیەنێت "پێویستە گردی زەرگەتە راستەوخۆ بەناوی گۆڕانەوە بێ نەك كوڕەكانی كاك نەوشیروان، ئەگەر جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەراندن و هەڵسوڕاوانی گۆڕان خاوەندارێتی گردی زەرگەتەو مومتەلەكاتەكانی تری گۆڕان یەكلا نەكەنەوە ئەوا ئەو زانیاریانەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاوێنە ئایندەی گۆڕان دەخاتە مەترسیەوە ".