مەریوان وریا قانیع: گواستنەوەی موڵکی گۆڕان بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کۆتایی گۆڕان دەبێت

نوسەر و ڕۆشنبیری دیاری کورد، مەریوان وریا قانع دەڵێت "گواستنەوەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بە کردەوە، نەک تەنھا لە رووی یاساییەوە، بۆ دوو کورەکەی نەوشیروان مستەفا کۆتایی ئەم بزوتنەوەیە و کارەساتێکی سیاسیی نوێ دەبێت لە کوردستاندا.

مەریوان لە میانی نوسینێکیدا کە لەپێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند : بزوتنەوەی گۆڕان سەرەرای بەرنامە سیاسییەکەی خاوەنی دوو تایبەتمەندیی جیاکەرەوەیە، کە لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی جیایدەکاتەوە.، یەکەمیان نەبوونی تەوریسی سیاسییە لەناو بزوتنەوەکەدا، بەمانای بەجێ نەمانی دەسەڵاتی ناو بزوتنەوەکەیە لە باوکەوە بۆ کور یان بۆ برا و خزم و کەسە نزیکەکانی. ئەمەش بزوتنەوەکەی تا ئێستا بە کردەوە لە دەستی خاوەنە سیاسییەکانی خۆیدا ھێشتۆتەوە و نەیھێشتوە بکەوێتە دەستی کورەکانی نەوشیروان مستەفا."

هەروەها دەنوسێت "دووھەمیان: گرێنەدانەوەی سیاسەت و پارەیە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا بەیەکەوە، یاخود نەبەستنەوەی پێگە سیاسییەکانی ناو بزوتنەوەکەیە بە پێگەی ئابورییەوە. تا ئەمرۆش جۆرێک لە رۆحیەتی خۆبەخشانە و عەقڵیەتی بەتەنگەوەھاتنی ژیانی گشتیی ئاکاری سەرەکیی سیاسەتکردن لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا بەرێوەدەبات، نەک، بۆ نموونە، سیاسەتکردن بە مەبەستی بوون بە خاوەنی چاڵەنەوت و کۆنتراکتی گەورە و دەستگرتن بەسەر بوارێکی بازرگانی تایبەتدا، ھتد..."

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تاپۆکردنی ھەموو موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو کورەکەی نەوشیروان مستەفا ئەگەری ئەوەی تێدایە ھەردوو ئاکارە سەرەکییەکەی بزوتنەوەکە وێران بکات. ھەم تەوریسی سیاسیی بچەسپێنێت و ھەم سیاسەت و پارەپەیداکردنی نایاسایی و خێرا بەیەکەوە گرێبدات. بۆیە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە یەکێکە لە تەحەدا ھەرە گەورە و ھەرە سەرەکییەکانی بردەمی ئەم بزوتنەوەیە، مانەوە و نەمانەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی جیاواز لە کوردستاندا پابەستی ئەوەیە بزوتنەوەکە خۆی خاوەنی موڵک و ماڵەکانی خۆی بێت و ئەگەری تەوریسکردنی سیاسەت لەناو خۆیدا لەناوببات.



PM:07:53:29/08/2017