بارزانی لە رێگای وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لەسەر گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سنوری سوریا – عێراق، بە پێی رێککەوتنێک لەگەڵ حزیبوڵا ئەنجامدراوە، هاتە دەنگ و راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
لەو راگەیاندنەدا هاتووە" هێنانی ئەو هێز لە لوبنانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەر سنوورەکانی عێراق جێگەی گومانە و زۆر بە جیدی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
دەقی راگەیاندراوەکە
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنێکی گوماناوی، هێزێکی زۆری تیرۆریستان لە لوبنانەوە گوازراونەتەوە سەر سنووری عێراق.
هێنانی ئەو هێز لە لوبنانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەر سنوورەکانی عێراق جێگەی گومانە و زۆر بە جیدی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەوە بە دووبارەکردنەوەی ئەو سیناریۆیە دەزانین کە لە ساڵی ٢٠١٤ جێبەجێ کرا و بووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەکە.
لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەماهەنگی و هاوکاریی تەواوی لەگەڵ سوپای عێراق دەبێت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
دکتۆر ئومێد سەباح
وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
٣٠ـی٨ـی٢٠١٧