پەکەکە زانیاری ورد لەسەر دەستگیرکردنی دوو ئەفسەرە پلە بەرزەکەی میت بڵاودەکاتەوە

چەند بەڕێوەبەرێکی پلەبەرزی میت، کە بە مەبەستی تیرۆرکردنی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە یان ڕفاندنی چووبوونە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمێکی گەریلاوە ئاشکراکران و ئۆپەراسیۆنەکەیان پوچەڵکرایەوە پەکەکەش بۆیەکمجار وردەکاری بڵاودەکاتەوە.
 
رۆژنیوز ماڵپەڕی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا بوردی دەستگیرکردن و پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانە ئاشکرا دەکات.
ماڵپەڕەکە بڵاویکردۆتەوە "یەکێتی داوای ئازادکردنی کردوون، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە وتوویانە ئەگەر هەیە ئەمانە دەستیان لە تیرۆری شەهید ساکینە و هەڤاڵانیدا هەبووبێت و ئازاد ناکرێن، لەوەڵامدا بەرپرسانی یەکێتی بێدەنگ بوون، هەروەها بەپێی هەندێک زانیاری، بەدیلگرتنی ئەو ئەندامانەی میت بە ڤیدیۆ تۆمارکراوەو ئەگەری بڵاوکردنەوەی هەیە".
 
ئەمە دەقی ئەو چاوپێکەوتنەیە کە رۆژنیوز لەگەڵ دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکەوە ئەنجامدراوە:
ڕووداوەکە کەی پێکهاتووە؟
 
ئەو ڕووداوە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لە نزیک بەنداوی دووکان پێکهاتووە، کە نزیکە لە سلێمانی و هەرێمی قەندیل، لەو ڕووداوەدا دوو ئەندامی پلەبەرزی میتی تورک لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە بەدیلگیران.
 
ئەو بەڕێوەبەرانەی میت چۆن دەستگیرکران؟
 
ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت بەنیازی کوشتن یان ڕفاندنی جەمیلک بایک و بەڕێوەبەرانی دیکەی پەکەکە چووبوونە ناوچەکە، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی، کە دەمانتوانی تورەکەیەک بکەینە سەریان و ڤیدیۆ و وێنەکانیان لە میدیاکاندا بڵاو بکەینەوە، بەڵام ئەم کارەمان نەکرد، بەڵام دەوترێت وێنە و ڤیدیۆی کاتی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی میت لەلایەن گەریلاکانەوە گیراوە، بەس بڵاو نەبووەتەوە.
 
ئەو ئەندامە پلەبەرزەی میت کە دەستگیکراون کێن؟
 
هەردوو ئەنداماکەی میت، لە بەڕێوەبەرانی ئەو بەشەی میتی تورکن، کە لە بارەی پەکەکەوە کاردەکەن، ئەو دوو ئەندامەی میت ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بوون بە هاکان فیدانەوە، هیچ زانیارییەکی دیکە لە بارەی شوناس و ناسنامەیانەوە لە بەر دەستدا نییە.
 
چۆن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان؟
 
ئەو کەسانە خاوەنی پاسپۆرتی دبلۆماتیی هەرێمی کوردستانن، ئەوان ئامادەبوونیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بە هاکان فیدان ڕادەگەیەنن، فیدانیش بە ئەردۆغان دەڵێت:"دەتوانین بەڕێوەبەرانی پەکەکە تیرۆربکەین یان بیانڕفێنین، هەلێکی بەم جۆرە ڕەخساوە کە بتوانین ئەم کارە بکەین"، ئەردۆغانیش قبوڵی دەکات، بە قبوڵکردنی ئەردۆغان و هاکان فیدان ئۆپەراسیۆنەکە لە لایەن دەزگای سیخوڕی میتی تورکەوە دەستیپێکردووەو ئەو دوو ئەندامە خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان.
 
ئایا ئەوانەی دەستگیرکراون تەنیا دوو کەسن؟
 
دەوترێت لە ناو بەدیلگیراواندا یەکینەیەک هەبوون، کە هەندێکیان کوردن، ئەو یەکینەیە لە باشوری کوردستان کاریان لەگەڵ میت کردووە.
 
ئۆپەراسیۆنی گەریلاکان لە بەرامبەر میتدا چۆن ئەنجامدرا؟
 
چەند ڕۆژێک پاش بەدیلگیرانی ئەو ئەندامانەی میت، لە ڕۆژی ٧ی ئابدا لە سەر ڕێگای ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی میتی تورک لە نزیک زاخۆ تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا، ڕاگەیەندرا کە ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکدا بوون برینداربوون، دەوترێت کە ئەو کەسانە پەیوەندیان بەو تیمەوە هەبووە کە لە دووکان بەدیلگیرابوون.
 
پاش بەدیلگیرانی ئەندامانی میت لە نێوان ئەنقەرەو سلێمانی و قەندیلدا چ دانوستانگەلێک ئەنجامدران؟
 
ڕۆژی ٣ی ئاب ئەردۆغان و فیدان چاوەڕێی بیستنی هەواڵی ئەنجامی پیلانی تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە بوون، بەڵام لە بری ئەو هەواڵە گوێبیستی هەواڵێکی دیکە بوون، ئەو هەواڵە دەیوت: بەڕێوەبەرانی میت بەدیلگیراون، پاش ڕۆژێک بەرێوەبەرانی میت لەگەڵ بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە دانیشتن، گەڵاڵی ئەو بابەتەی گواستەوە بۆ بەڕێوەبەرانی یەکێتی لە سلێمانی و ڕایگەیاند، کە دوو ئەندامی میت لەلایەن پەکەکەوە بەدیلگیراون و میت داوادەکات ئەو ئەندامانەی ئازادبکرێن.
 
بەڕێوەبەرانی یەکێتی بۆ ئەوەی لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ پەکەکە بکەن، داوایانکرد لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کەجەکە کۆببنەوە، لەم بارەیەشەوە لە شوێنێکی دەوروبەری سلێمانی کۆبوونەوە.
 
لەو دانیشتنەدا پەکەکە گرنگیی پرسەکەی بۆ یەکێتی ڕوونکردەوەو پێی ڕاگەیاندن کە بەدیلگیراوان ئازادناکرێن، بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە یەکێتیان ڕاگەیاند، کە ئەوانەی بەدیلگیراون مومکینە ڕۆڵیان لە تیرۆرکردنی ساکینا جانسز و هەڤاڵانی هەبێت، پاش ئەو کۆبوونەیە هەموو شت بێدەنگ بووەوەو یەکێتی هیچی نەوت، پەکەکە لە کۆبوونەوەکەدا بە یەکێتی وتبوو، کە ئێمە تیمێکمان لە زاخۆ ڕاستەوخۆ کردە ئامانجی چالاکی، ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی میت کە لە سلێمانی بەدیلگیراون تا ئێستا نەکوژراون بەهۆی ئەوەیەوە کە نامانەوێت ببینە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ یەکێتی و شاری سلێمانی.
 
پەیامەکەی پەکەکە کەی گەیشتە ئەنقەرە؟
 
ئەردۆغان کە تێگەیشت پەکەکە بڕیارنییە ئەو ئەندامانەی میت ئازاد بکات، دەستیکرد بە زیاترکردنی فشارەکان بۆ سەر یەکێتی، هەر لەم بارەیەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پارتیش کۆبوونەوە، پارتیش ڕایگەیاند، کە ڕووداوەکە لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ڕوویداوەو ئەوان دەسەڵاتیان بە سەریدا نییە، پاش ئەو کۆبوونەوەو دانیشتنانە پاش هەفتەیەک بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە تورکیا سنوورداش کرایەوە و نێردرایەوە سلێمانی.
 
سیاسەتی یەکێتی لەم بارەیەوە چ دەبێت؟
 
یەکێتی زوویرە لەوەی کە ئەو ڕووداوە لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا پێکهاتووە، یەکێتی داوایکرد پەکەکە ئەو کەسانە ئازادبکات، پارتیش پێداگرە لە سەر ئەو داواکارییەی یەکێتی، یەکێتی دەیەوێت پەیوەندییەکانی بە ئەنقەرەوە تووشی کێشە نەبێت، لە لایەکیشەوە یەکێتی باش دەزانێت ئەمە پرسێکە لە نێوان پەکەکە و تورکیاوە و ئەوان تەنیا دەتوانن ناوبژیوانی بکەن، هاوکات یەکێتی زۆر خوشحاڵە بەوەی کە ئۆپەراسیۆنی میت لە سلێمانی سەرنەکەوت.
 
ئایا ئەوە یەکەم جارە پەکەکە هێزی سەربە حکومەتی تورک بەدیل دەگرێت؟
 
پێشتر پۆلیس و سەربازی حکومەتی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە بەدیل گیرابوون، خێزانی ئەو بەدیلگیراوانە لە ڕێگای کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە هەوڵی ئازادکرنی ئەو بەدیل گیراوانەیان داوە، بەڵام حکومەتی تورک بەتەواوی ئیهمالی کردوون، هەروەها دەوترێت کە دوو سێ ساڵ پێش ئێستاش چەند کەسێکی سەربە میت دەستگیرکران، بەڵام بەڕێوەبەرانی تورکیا بەتایبەتی دەیانەوێت تەنیا ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت، کە لە 'دوکان' دەستگیرکراون ئازادبکرێن.
 
ئایا پەکەکە ئەو بەدیلگیراوانە ئازاد دەکات؟
 
بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە ڕێگای یەکێتییەوە ڕایانگەیاند، کە ئەو ئەندامانەی میت ئازاد ناکرێن.
 
ئایا دانپێدانانەکانی ئەو دوو ئەندامەی میت بڵاودەکرێتەوە؟
 
بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی ئەو ئەندامانەی میتی تورک، ئەگەرێکی کراوەیە.



PM:05:14:31/08/2017