دواین لێدوانی ترامپ لەسەر تاقیکردنەوەی بۆمبەکەی کۆریای باکور

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند بە هۆی پێشێلکاریەکانییەوە تاوتوێی سەپاندنى گەمارۆیەکى بازرگانى جیهانى بەسەر کۆریای باکوردا دەکەین.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکیدا ئاشکرایکرد تاوتوێی سەپاندنى گەمارۆیەکى بازرگانى جیهانى بەسەر کۆریای باکوردا دەکەین و گفتوگۆی ئەو بڕیارەش دەکەین کە هەر وڵاتێک مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ کۆریای باکور بکات پەیوەندییەکانى لەگەڵدا بپچڕێنین.

تارۆ کۆن وەزیری دەرەوەی ژاپۆن ڕایگەیاند، کۆریای باکور شەشەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، ئەوەش دوای ئەوەی بومەلەرزەیەک لەو وڵاتەدا روویداوە.

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە کرد، دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لەسەر ڕووداوەکە، دوپاتیدەکاتەوە کە کۆریای باکور تاقیکردنەوەیەکی دیکەی ئەتۆمی ئەنجامداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر بومەلەرزەیەک لە هەرێمی کیلجو ئەو شوێنەی کۆریای باکور پێشتر تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی لێ ئەنجامداوە تۆمارکراوە.

تاقیکردنەوەکەش دوای ئەوە هات کە میدیای فەرمی کۆریای باکور وێنەیەکی کیم جۆن ئونی سەرۆکی ئەو وڵاتەی لەگەڵ بۆمبێکی هایدرۆجینیدا بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا، میدیای کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵدانی چوار مووشەک بە سەر ئاسمانی ژاپۆندا بۆ ئاوەکانی نزیک لە دوورگەی گوام.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کارێکی لەو جۆرە کاردانەوەی تووندی ئەمریکای بەدوادا دێت، بەڵام دواتر کۆریای باکوور مووشەکەکانی هەڵنەدا و بەو جۆرە رەوشەکە کەمێک هێور بووەوە.



PM:08:31:03/09/2017