هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەو و ڕایگەیاند هیچ گەریلایەکیان بە دیل نەگیراوە لای سوپای تورکیا وەک چۆن تورکیا بانگەشەی بۆ کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" لە ڕاگەیەندراوێکدا رەتیدەکاتەوە کە ٤ گەریلایان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرابن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوپای تورکیا لە یەکی ئەم مانگەوە ئۆپراسیۆنی لە جۆلەمێرگ دەستپێکردووە و ١٣ کۆپتەر ئەندامانی سوپایان لە ناوچەکە دابەزاندووە و دواتر پێکدادان درووستبوو، لەو پێکدادانەدا چوار گەریلا شەهیدبوون و هەموو گەریلاکانی دیکە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە".
هەپەگە دەشڵێت "ڕۆژی ٤ی ئەیلول فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی زاپییان بۆردومانکرد، ڕۆژی ٣ی ئەیلولیش لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکەوە بۆ ٠٩:٤٠ خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر، ناوچەی سیرۆ سەربە شەمزینانی جولەمێرگیان تۆپباران کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر لە ناوچەکەدا کەوتەوە".
لە ئێستادا پەکەکە دوو ئەفسەر و دوو کارمەندی دەزگای هەواڵگیری تورکیای لایە و بەدیل گرتوونی، لە مانگی ڕابردووش پەکەکە وێنە و ڤیدیۆى دوو ئەفسەرى دیلکراوى سوپاى تورکیاى بڵاوکردەوە، کە گەریلاکانیان لە ناوچەى چەلێى پارێزگاى جۆلەمێرگ دەستگیریان کردبوون.
لەگەڵ ئەوەدا پەکەکە تا ئێستا وێنە و ڤیدیۆی دوو کارمەندەکەی دەزگای هەواڵگیری تورکیای بڵاونەکردووەتەوە کە ٢٥ی ئابی ڕابردوو لە ناوچەی دووکانی سەر بە شاری سلێمانی دەستگیری کردبوون.