یەرەکە هێرش دەکاتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران

گەریلاکانى یەکەرە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکى هێزەکانى سوپاى پاسداران لە نزیک شارى بانە و بەپێی زانیاریەکانیش ٢ پاسدار کوژراون.

ئاژانسى هەواڵى فورات ئێوارەى ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، گەریلاکانى یەکینەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) باڵى سەربازی کۆدار، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانى سوپاى پاسداران لە سنووری گوندى ساوان لە نزیک شاری بانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هێرشەى گەریلاکانى یەرەکە تەنها چەند کاتژمێر لە دواى ڕاگەیاندراوەکەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) ڕوویداوە، کە پشتیوانى خۆى بۆ خەڵکى خۆپیشاندەرى بانە ڕاگەیاندبوو.

هەرچەندە تا ئێستا بەفەرمی لەلایەن کۆدار و یەرەکەوە زیانەکان ڕانەگەیەندراون، بەڵام بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان لەو هێرشەى گەریلاکانى یەرەکەدا ٢ پاسدار کوژراون و ٢ پاسدارى تریش برینداربوون.

هەر ئەمڕۆ کۆدار لە ڕاگەیاندراوێکدا پشتیوانیى لە خەڵکى خۆپیشاندەرى بانە کردبوو و داواشى لە خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردبوو، بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکى خۆپیشاندەرى بانە بڕژێنە سەر شەقامەکان.

هاووڵاتیانى شارى بانە ماوەى ٢ ڕۆژە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە دژى کوشتنى کۆڵبەرانى شارەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە.



PM:09:03:05/09/2017