د.فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە عەبدوڵا پەشێوی شاعیر دەکات بۆ ڕیفراندۆم بێتە دەنگ و دەڵێت "پیاوی مەزن، ئەمڕۆ ڕۆژی تۆیە".
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت "پیاوی مەزن، دەزانم براكوژی حەسرەتی گەورەی بە دڵدا كردی، دەزانم ئەمڕۆش بەهۆی دز و جەردەو گەندەڵ و تاڵانچییەكانی نیشتمان، خوێن لە جەرگت دەچۆڕێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەش خەریكە خۆری بەرەبەیانی ئێمە هەڵدێت، بۆیە ئەگەر دوا وشەش بێت یان شیعری ماڵئاواییش بێت، رۆژ رۆژی تۆیە بەم میللەتە خێر لە خۆنەدیوە بڵێی: سەدان ساڵە لە بەردەرگەی تەكیەی جیهان جووتێك سۆڵی پینە پینەین، كێ لە پێمان كات بۆ ئەو دەشێین. رۆژ رۆژی تۆیە پڕ بە دەنگی زوڵاڵت هاوار بكەی، نابێ چیتر مەیتەری والی بەغدا بین، نابێ چیتر كوتاڵ فرۆشی تاران و ئەنقەرە بین، نابێ چیتر بێ پاسپۆرت و ئاسمان و ئاڵا بین .
د.فرسەت سۆفی هەروەها دەشڵێت: هیچ شتێك بە قەد هەڵكردنی ئاڵا بڕست بە رووحی شەهیدەكانمان نادات، نەیاد و بۆنە و چلە و پۆستەر و هۆنراوە ، نە دەقیقەیەك وەستان. هیچ شتێك بە قەد سەربەخۆیی نابێتە شنەبایەكی فێنك بۆ هەناسەی پڕ گازی خەردەلی منداڵانی هەڵەبجەی شەهیدكراو، هیچ شتێك بە قەد ئازادی نیشتمان نابێتە ئارامگەیەكی ئارام بۆ ئەنفالە گۆڕبزرەكانی عەرعەر و نوگرە سەلمان. بۆیە كاتی ئەوەیە جارێكی دیكە تێهەڵچینەوەو پشت لە نەواو روو لە كڕێوە، هەسپمان هەور و ركێفمان چیا، نەوەستین تاوەكو كەشتییەكەی نوح ئەمجارەش لە خاكی پیرۆز لەنگەر دەگرێ .
دەقی نوسینەکەی د.فرسەت سۆفی:
بۆ پەشێوی مەزن
لە بەرەبەیانەوە دەزانم نیوسەدەیە رۆژژمێری رۆژ و مانگ و ساڵان گەڵا گەڵا هەڵدەوەرێنی. زنجیرەی چیا قەف قەف دەبڕی. دەزانم نیوسەدەیە وشە بە وشە بۆ ئازادی نیشتمان دەچریكێنی. دەزانم داو بە داوی قژت لە چاوەڕوانی هەڵكردنی ئاڵا پێشكەشی بەفر كرد.
هەرگیز لە بیرم ناچێت سی ساڵ بەر لە ئەمڕۆ منیش منداڵ بووم لە دوازدە وانە بۆ منداڵان خەونەكەی تۆم لە گۆڕەپانی قوتابخانە بۆ منداڵە بێلانە ژین تاڵەكان دەگێڕایەوە، كاتێك لە خەونتدا لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان رەشت بینی ئاڵای هەبوو، سپیت بینی ئاڵای هەبوو، هەرچیت بینی ئاڵای هەبوو، قیژاندیان ئەی بێ وڵات بۆ دەرەوە، ئەی بێ ئاڵا بۆ دەرەوە، گوتت مەقیژێنن كە چوومەوە ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە. وا ئێمە نەوە دوای نەوە هەر لە منداڵییەوە دوازدە وانەكەی تۆ دەخوێنینەوەو پیر دەبین و وانەشی لێ فێرنابین. هەرگیز لە بیرم ناچێت كاتێك لە قەرەجێكت پرسی: بەس تەماشای ناولەپم كە خۆ من نامەوێ پێم بڵێی دەبمە باوكی چەند منداڵ، زەنگین دەبم یان هەروا لات،تەنیا شتێكم پێبڵێ هەتا ماوم وەك تۆ دەژیم یاخود دەبمە خاوەن وڵات.
پیاوی مەزن: دەزانم براكوژی حەسرەتی گەورەی بە دڵدا كردی .
دەزانم ئەمڕۆش بەهۆی دز و جەردەو گەندەڵ و تاڵانچییەكانی نیشتمان، خوێن لە جەرگت دەچۆڕێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەش خەریكە خۆری بەرەبەیانی ئێمە هەڵدێت، بۆیە ئەگەر دوا وشەش بێت یان شیعری ماڵئاواییش بێت، رۆژ رۆژی تۆیە بەم میللەتە خێر لە خۆنەدیوە بڵێی: سەدان ساڵە لە بەردەرگەی تەكیەی جیهان جووتێك سۆڵی پینە پینەین، كێ لە پێمان كات بۆ ئەو دەشێین. رۆژ رۆژی تۆیە پڕ بە دەنگی زوڵاڵت هاوار بكەی، نابێ چیتر مەیتەری والی بەغدا بین، نابێ چیتر كوتاڵ فرۆشی تاران و ئەنقەرە بین، نابێ چیتر بێ پاسپۆرت و ئاسمان و ئاڵا بین. هەموومان لە هەر بستە زەمینێك بە دوای تۆدا بیڵێینەوەو پڕ بە گەروومان هاوار بكەین: مەزاد ...مەزاد هەرچیم هەیە هەمووی مەزاد بە پارچەیەك پەڕۆی سادە كە هەڵبكرێ و بشنێتەوە لەسەر بستێك زەوی ئازاد.
پیاوی مەزن: هیچ شتێك بە قەد هەڵكردنی ئاڵا بڕست بە رووحی شەهیدەكانمان نادات، نەیاد و بۆنە و چلە و پۆستەر و هۆنراوە ، نە دەقیقەیەك وەستان. هیچ شتێك بە قەد سەربەخۆیی نابێتە شنەبایەكی فێنك بۆ هەناسەی پڕ گازی خەردەلی منداڵانی هەڵەبجەی شەهیدكراو، هیچ شتێك بە قەد ئازادی نیشتمان نابێتە ئارامگەیەكی ئارام بۆ ئەنفالە گۆڕبزرەكانی عەرعەر و نوگرە سەلمان. بۆیە كاتی ئەوەیە جارێكی دیكە تێهەڵچینەوەو پشت لە نەواو روو لە كڕێوە، هەسپمان هەور و ركێفمان چیا، نەوەستین تاوەكو كەشتییەكەی نوح ئەمجارەش لە خاكی پیرۆز لەنگەر دەگرێ .