سۆران عومەر: ئەوانەی‌ دەڵێن كۆبوونەوەكانی‌ ئەم دوو رۆژە ئیجابی‌ بووە راست ناكەن

سۆران عومەر لەسەر ئەنجامی كۆبوونەوەی یەكێتی و كۆمەڵ هاتە دەنگ و دەڵێت "ئەوانەی‌ دەڵێن كۆبوونەوەكانی‌ ئەم دوو رۆژە ئیجابی‌ بووە، راست ناكەن."

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان سەبارت بە كۆبوونەوەی یەكێت و كۆمەڵ لەپێگەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی "كۆبوونەوەكە باش و ئیجابی بوو، كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بوو!"، دەشڵێت "ئەمە ئەو قسە ناڕاست و موجامەلە ئیعلامیەیە كە بەردەوام هەندێ لە سیاسیەكان دەیكەن و تا ئێستا چی كۆبونەوەیەكیان كردبێ راستی قسەی ناو كۆبونەوەكەیان بەخەڵك نەوتووە".

سۆران عومەر دەڵێت "بەڵكو لێدوانەكانیان زۆركات بەڕێكەوتنی هەمووان بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بووە! بەیان و بەلاغەكانیشیان جگە هەواڵێكی رۆژنامەوانی هیچی دی نەبووە! بۆیە ئەوەی بەكۆبونەوەكانی ئەم دوو ڕۆژەی وتووە ئیجابی بووە راستیەكەی نەوتووە!".

ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە "هەردوو حزب پێیان وابووە ئەم شاندە بۆ كات بەڕێكردن و ئەستۆپاكی خۆیان هاتوون كەچی لە راگەیاندن دەڵێن كۆبونەوەكان باش بوون!، بەڵام ناپرسن كام باشی؟ كوا ئەنجامی ئەو هەموو كۆبونەوە باشە؟".
ئەو پەرلەمانتارەی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلام جەختی‌ لەوە كردووەتەوە كە "راستیەكەی ئەوەیە كۆبوونەوەكان هیچ ئەنجامێكی نەبووە!"
ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "ئێستە دوو پرس بۆتە سەرچاوەی موجامەلە و موزایەدە ئەویش كاراكردنەوەی پەرلەمان و بژێوی خەڵكە! بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە ژیانی خەڵك لای زۆرێك لەم لایەنانە مەسەلە نەبووە! ئەوانەشی خەمی پەرلەمانیانە پەكیان خستوە یان لەپەكخستنیدا زۆر بێ هەڵوێست بوون....".

راشیگەیاندووە كە "ئەم میلـلـەتە قەدەری خۆی خستۆتە دەستی هەندێ لەم سیاسیانە كە بەشێك لەوانە ماڵ‌ و منداڵی خۆیان پرس و رای ژیانی خۆیان نادەنە دەستیان!".

ئەمڕۆ دوای‌ كۆبوونەوەی‌ وەفدی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، لەتیف شێخ عومەر ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بە رۆژنامەنووسانی‌ ڕاگەیاند  "كۆبوونەوەیەكی‌ زۆر باش بوو، هەمووان پێكەوە پەرلەمان كارا دەكەینەوە".

لە دوو رۆژی‌ رابردوودا وەفدی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بەجیا لەگەڵ‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كۆبوونەوە بەبێ‌ ئەوەی‌ هیچ راگەیەندراوێكی‌ رۆژنامەوانی‌ بڵاوبكرێتەوە، دوای‌ كۆبوونەوەكەش بەشێك لە ئامادەبووانی‌ كۆبوونەوەكە، باسیان لەوە كرد كە كۆبوونەوەكان باش و ئیجابی‌ بوون.




PM:04:23:09/09/2017