قایمقامیەتی سلێمانی ئاماری سەرپێچی مانگی ئابی بڵاوكردەوە


قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە مانگی ئابدا ئەو شوێنانەی سەرپێچییان كردووە زیاتر لە ٣٨ ملیۆن دینار غەرامە كراون و ٤٤ شوێنی جیاوازیشیان داخستووە.

لە ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە و وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، "بەهۆی پابەند نەبوونی خاوەن شوێنەكان بە مەرج و ڕێنمایەكانی كاركردنەوە، لە مانگی ئابدا بڕی ٣٨ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار دینار غەرامەكراون".

هەروەها قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت "دەستیانگرتووە بەسەر ٣٥ تەن خۆراك و مادەی ماوە بەسەرچوودا و لە لایەن لیژنە هاوەبەشەكانیانەوە لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناو براون".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "هەر لەو مانگەدا ٣٢٦ پسووڵەی سەرپێچییان بۆ خاوەن شوێنەكان كردووە و ٤٤ شوێنیش كە پێشتر ئاگادار كراونەتەوە بەوەی پابەندبن بە مەرجەكانی كاركردنەوە بەڵام دووبارە سەرپێچیان كردووە، داخراون".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی قائیمقامیەت لە مانگی ڕابردوودا لیژنە هابەشەكانی قائیمقامیەت سەردانی دوو هەزار و ٩٠٠ دووكان و ماركێت و شوێنی گشتییان كردووە و ٢٥٩ شوێنیان ئاگاداركردنەوەیان بۆ كراوە.



PM:02:14:10/09/2017