گەورە بەرپرسی ئێرانی قاسمی سلێمانی بە سەردانێکی نهێنی گەیشتۆتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
ئەو سەردانە دوای سەردانی باڵوێزی ئەمەریکا و نێردەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە سەرجەم ئەو وەفدانە داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند گەورە بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسمی سلێمانی بە سەردانێکی نهێنی گەیشتە هەرێمی کوردستان و سەرەتا سەردانی هەولێری کردووەو لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی تری پارتی کۆبۆتەوەو، وا بڕیاریشە سەردانی سلێمانی بکات و لەسلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و لایەنەکانی تر کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو سەردانەی وەفدە بالآی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی قاسمی سلێمانی وەک دوا ئینزاری ئەو ولآتە دێت دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە بڕیارە بارزانی و چەند حیزبێکی کوردی لە ٢٥ ی ئەیلولدا ئەنجامی بدەن.
هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆم لای سەرکردایەتی کورد ئاشکرایەو تەنها بە دژایەتیکردنی نەوەستاوەتەوە، بەڵكو لەهەندێک لە کۆبوونەوەکانی پێشوویاندا بە بەرپرسانی کوردیان راگەیاندووە ئەنجامدانی ریفراندۆم واتە لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جیناکۆکەکان.
هەر ئەمڕۆ باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق بە سەردانێک گەیشتە کوردستان و بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان نامەیەکیان بە زمانێکی توند گەیاندۆتە سەرکردایەتی کورد کە ریفراندۆم دوا بخەن.( وەک سپی میدیاش لە هەواڵەکانی ئەمرۆدا بلآویکردۆتەوە ).
میدیاکانی پارتیش بلآویان کردەوە کە
ئهمڕۆ دووشهممه 10ـی ئەیلول له سهلاحهددین، بارزانی، پێشوازی له (یان كۆبیش) نێردهی تایبهتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق كرد.
له دیدارێكدا، نێردهی تایبهتی سكرتێری گشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان ئاماژهی به بۆچوون و تێبینیهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان كرد لهبارهی ریفراندۆم و گفتوگۆكانی نێوان ههرێمی كوردستان و بهغدا.