حکومەتی عێراق سەرقاڵی دەرکردنی بڕیارێکە دژی ریفراندۆم لە کەرکوک

حکومەتی عێراق سەرقاڵی داڕشتنی بڕیارێکە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بە سپی راگەیاند" حکومەتی عەبادی سەرقاڵی دەرکردنی بڕیارێکە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، بەپێی ئەو بڕیارە حکومەتی عێراق رێگا نادات لە کەرکوک و ئەو ناوچانە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد بۆ ئەم بڕیارە حکومەتی عێراق پشتی بەستووە بە دەستوری عێراق و بەپێی دەستوری عێراق کەرکوک لە ژێر دەستی حکومەتی بەغدادایەو، ئەو لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی فەرمانگەکان و دابینکردنی بوودجە و مووچە بۆ فەرمانبەرانی شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان".

سەبارەت بە ئاکامی جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە لەسەر شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەپێی ئەو بڕیارە حکومەتی عێراق دەتوانێت هێز بجوڵێنێت بۆ سەرجەم ناوچە جێ ناکۆکەکان و، دەرکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی پێش رووخانی رژێمی دیکتاتۆری، هەروەها حکومەتی عێراق دەتوانێت مووچە فەرمانبەران و بوودجەی شاری کەرکوک و ئەو شوێنانەی تر ببڕێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆکی حکومەتی عێراق چەندان جار دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندووەو هەستدەکرێت سات بەسات لێدوانەکان و جمووجووڵە سەربازییەکانیان بەرەو هەڵکشان دەچن.
 



AM:12:01:12/09/2017