پاسپۆرتی سلێمانی بە سیستمە نوێیەكەوە دەستی بە كاركردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلول، لە بینای پاسپۆرتی سلێمانی و لە مەراسیمێكدا سیستمی نوێی پاسپۆرت راگەیەنرا و بەڕێوەبەری پاسپۆرتیش دەڵێت "ئەو سیستمە نوێیە كارئاسنی زۆرباش بۆ هاوڵاتیان دەكات و هەموو كێشەكان چارەسەركراون".

عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "ئێمە لە پاسپۆرتی سلێمانی دوای وەستانی مانگێك لە سیستمی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراقدا، ئەمڕۆ سێشەممە بە سیستمە نوێیەكە دەستبەكاربووین و رۆژانە لە 8:30ی بەیانی تاوەكو كاتژمێر 5:30ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان".

وتیشی "شەوی رابردوو تاوەكو كاتژمێر 2ی شەو لەگەڵ تیمێك كە لە بەغداوە هاتبوون كارمان بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیستمە نوێیە كردووە و توانیمان 20 پاسپۆرت بە سیستمە تازەكە بەرهەمبهێنین و ئەمڕۆش لە سەرەتای دەوامەوە دەستبەكاربووین".

سالار عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشدا "ئەم سیستمە نوێیە گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە سیستمی پاسپۆرتی عێراقی و كارەكان زۆر باشتر دەڕوات بەڕێوە و باشتر خزمەتی هاوڵاتیان دەكرێت و كارەكان خێراتر دەبن".

ئاماژەی بەوەشدا "لە سیستمی پێشوودا كێشەی پەنجەمۆر هەبوو لەم سیستمە تازەیەدا كێشەی پەنجەمۆر بۆ منداڵ و نەخۆش چارەسەركراوە، لەم سیستمەشدا ئەفسەرەكە وێنەی هاوڵاتییەكە دەگرێت بە كامێرای دیجیتاڵ و بە ئەلیكترۆنی دادەبەزێتەسەر پاسپۆرتەكە ورێگرییەكی زۆرباش دەكات لە ساختەكاری".

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو "لە قۆناغی دووەمدا دیزاینی پاسپۆرتی عێراقی دەگۆڕێت و دەرگای ئەلیكترۆنی لە فرۆكەخانەكان وەك ئاسنكاری بۆ هاوڵاتیان بەكاردێت".

هێمای بۆ ئەوەشكرد "بەم سیستمە نوێیە زۆر گرفتی كارگێڕیی و وێنەگرتن لە دەرەوەی پاسپۆرت و پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و هەموو گرفتەكانی تریش چارەسەركراون".



PM:02:56:12/09/2017