ئومێد خۆشناو دەدرێتە دادگا

ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر سکاڵای لەسەر ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد.

دوای ئەوەی ئومێد خۆشناو مەحمود سەنگاوی بە فرۆشتنی چەکە ئەڵمانییەکان تۆمەتبارکرد، ئەمڕۆ پارێزەرەکەی مەحمود سەنگاوی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، سکاڵایان لەسەر ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە.

سەیوان سیروان پارێزەری مەحمود سەنگاوی بە كەناڵی ئێن ئاڕ تی وت، ئەمرۆ مەحمود سەنگاو لە بنکەی پۆلیسی کەلار سکاڵای لەدژی ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە لەسەر قسەکانی.

وتیشی "قسەکانی ئومێد خۆشناو دورن لە ڕاستییەوە و مەحمود سەنگاوی چەکی ئەڵمانی وەرنەگرتووە، ئیتر چۆن بیفرۆشێت".
ئاماژەی بەوەشدا "مەحمود سەنگاوی قاچاخچی چەک نییە، بەڵکو لە ئێستادا پارێزەری خاکە".

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، ئومێد خۆشناو لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتی ئەڵمانیا كە بۆ شەڕی دژی داعش چەكی میلانی دایە پێشمەرگە، مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشێكی ئەو چەكانەی گل داوەتەوە و فرۆشتوویەتییە ئەو لایەنەی كە لە لیستی ڕەشی ئەڵمانیادایە.



PM:08:44:12/09/2017