حكومەتی عێراق قەرز دەداتە هاوڵاتیانی هەرێم

بانكی ناوەندی عێراق بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان تەرخاندەكات، بۆ ئەوەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند جێبەجێ بكەن و قەرزەكەش هیچ سودێكی ناچێتەسەر.

دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانكردنی بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ ئەو پڕۆژە بچووك و مامناوەندانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئەنجامدەدرێت، لە ئێستادا نزیكەی دوو ملیار دۆلار گەیشتۆتە چەند بانكێكی ناحكومی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان دەتوانن وەری بگرن.

بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی عێراق، ئەو قەرزەی بە هاوڵاتیان دەدرێت، هیچ سوودێكی ناچێتەسەر، بەڵكو تەنیا كرێی خزمەتگوزاریی لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت كە بڕەكەی 5.5% كۆی گشتی قەرزەكەیە.

بەپێی وتەی شێروان ئەنوەر، بەڕێوەبەری بازاڕی هەولێر بۆ كاغەزە داراییەكان بە (وەكالەت)، بڕی دوو ملیار دۆلار گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و دەتواندرێت 30 تا 35 پڕۆژەی بچووك و مامناوەند ئەنجامبدرێت و هەموو كەسێكیش مافی ئەوەی هەیە قەرزەكە وەربگرێت.

هاوكات عەلی حەیدەر، بەڕێوەبەری بانكی جیهان لە هەولێر بە ماڵپەڕی "دواڕۆژ"ی راگەیاندووە "ئەو پارەیە بۆ هەموو كەسێكە كە پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی هەبێت و بەپێی سیستەمی ئیسلامی دەبێت، بەڵام تەنیا 5،5% وەردەگیرێت".

وتیشی "هەر هاوڵاتییەك كە پڕۆژەیەكی هەیە و پێشكەشی بانكە ناحكومییەكانی هەولێری دەكات، لەلایەن دوو لیژنەوە لێكۆڵینەوە لە پڕۆژەكە دەكرێت و ئینجا پارەكەی پێدەدرێت".

ئەو بەرپرسەی بانكی جیهان ڕاشیدەگەیەنێت "پارەكە بە كاش (نەقد)ی نادرێت، بەڵكو بەپێی دیراسەی وردی پڕۆژەكە دابیندەكرێت و كەلوپەل بۆ پڕۆژەكە دەكڕدرێت و هاوڵاتیان بۆیان هەیە لە یەك ملیۆن دینار تا 100 ملیۆن دینار وەربگرێت و هەر كەسێك ئارەزووی هەیە، دەتوانێت لە ئێستاوە سەردانی بانكەكان بكات".

لەبارەی ئەو پڕۆژانەی قەرزەكە دەیگرێتەوە، هەموو پڕۆژەیەكی بچووك و مامناوەند دەگرێتەوە، بەڵام پێدانی پارە بە پڕۆژەی دروستكردنی خانوو یاخود كڕینی تەكسی تائێستا نەكەوتۆتە كار، بەڵام لە پلانی پڕۆژەكەی بانكی ناوەندی عێراقدا هەیە، دەشڵێت "هەر هاوڵاتییەك بۆ وەرگرتنی یەك ملیۆن تا 50 ملیۆن دینار تەنیا پێویستی بە مۆڵەتی كارو كەفیل هەیە، بەڵام لە 50 ملیۆن تا 100 ملیۆن دینار ئەوا دەبێت تاپۆ و كەفیلێكی هەبێت".




PM:12:01:13/09/2017