كۆمكاری عەرەبی ڕیفراندۆمی ڕەتكردەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی بڕیاری "ڕەتكردنەوەی تەواوەتی" ڕیفراندۆمی هەرێم دراوە.

ئەحمەد جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "لەسەر داواكاری ئیبراهیم جەعفەری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە كۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی عەرەبیدا بڕیار دراوە بە ڕەتكردنەوەی تەواوەتی ڕیفراندۆمی هەرێم لە بەر ئەوەی دژ بە دەستوری عێراقە".

ئاماژەی بەوەشكردووە "پێویستە ڕێز لە دەستوری عێراق بگیرێت و یەكێتی عێراق بە تەواوی پارێزراوبێت بۆ ئەوەی ئارامی ناوچەكە تێكنەچێت و توانای ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر لاواز نەبێـت".

ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ ئەحمەد ئەبوغێت ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی كۆمكاری عەرەبی داوای لە هەرێمی كوردستان كرد دەرگای گفتوگۆ بهێڵنەوە بەشێوەیەك دڵنیایی یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزێت.

ئەبوغیت لە میانی وتەیەكدا لەمیانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی كەنداو لە ڕێكخراوی كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە ڕایگەیاند "هێشتنەوەی عێراقێكی یەكگرتووی فیدراڵی كە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان لە خۆ بگرێت لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەیە بە عەرەب و كورد و نەتەوەی عەرەبیشەوە بە گشتی".

هەروەها ڕۆژی ٩ی ئەیلول ئەحمەد ئەبو غێت ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی كۆمكاری عەرەبی لە دیدارەكدا لەگەڵ بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە سەلاحەدین، نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندبوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و داوایكردووە بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەڵام بارزانی پێی ڕایگەیاندبوو ڕیفراندۆم لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت.






ئه‌م بابه‌ته 551 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:52:13/09/2017