یەكگرتوو: بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین

كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و یەككگرتووی ئیسلامی كۆتاییهات و بەرپرسێكی باڵای یەكگرتوش ڕایدەگەیەنێت "بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین".

دوای دوو كاتژمێر كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و یەككگرتووی ئیسلامی كۆتاییهات و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سبەی پەرلەمان كارا دەكرێتەوە و وەك یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین".

وتیشی "لەگەڵ ئەوداین سەرجەم لایەنەكان بەشداربن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی بخرێتەوە گەڕ".

 سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناوبراو ئاشكرایكرد داوامانكردوە ناوەرۆكی ڕیچككەوتنی پارتی و یەكێتی ئاشكرا بكرێت و ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندووین "یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو 7 خاڵە ڕێككەوتوون كە بۆ لایەنە سیاسیەكان و ڕای گشتیان ئاشكراكردەوە".

كۆبوونەوەی شاندی یەكێـتی و پارتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی  لە مەڵبەندی یەكگرتوو لە هەولێر بەڕێوەچوو.
شاندی یەكێتی پێكهاتوون لە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و (سەعدی پیرە، شۆڕش ئیسماعیل و ڕزگار عەلی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان.

هەروەها شاندی پارتی لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و  هەریەكە لە (ئازاد بەرواری و ڕۆژ نوری شاوەیس) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتوون.






ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:05:13/09/2017