گۆران: ئەمەریکا لە سەدا سەد دژی ڕیفراندۆمە

ژوری دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆران ڕایگەیاند، ئەمەریکا داوایکردووە ڕیفراندۆم لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخرێت و لە سەدا سەد دژی ڕیفراندۆمە.

ئەمڕۆ چوار شەممە 13ی ئەیلول هۆشیار عومەر ئەندامی ژوری دیبلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە شەڕی داعش لە میانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا لە سەدا سەد دژی ڕیفراندۆمە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوێستی فەرمی تریان دەبێت سەبارەت بە و پرسە.

ئەو ئەندامەی ژوری دیبلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، مەکگۆرک ڕایگەیاندووە پێویستە ڕیفراندۆم لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخرێت.

هەروها ڕایگەیاند، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش ڕایگەیاندووە، ئەوان پشتگیری گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکییەکانی نێوانیان.

ئەو وتانەی ژوری دیبلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، بڕیارە ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەى گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ ‌و گۆڕان بڕیاری‌ كۆتایی خۆی‌ ده‌دات له‌باره‌ی‌ پرسی‌ کاراکردنەوەى‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

هەر ئەمڕۆش بریت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ شەری داعش لە عێراق و سوریا  بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کۆبووەوە.



PM:05:03:13/09/2017