"زۆربەی كادرانی یەكێتی لە كەركوك ڕیفراندۆم ڕەت دەكەنەوە"

كادر و بەرپرسانی یەكێتی لە كەركوك ڕیفراندۆم لە ئێستادا ڕەت دەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن "ناكرێت بارزانی هەر بڕیارێك بدات یەكێتی جێبەجێی بكات".

ئەمڕۆ 14ی ئەیلول  كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بە بەشداری هەریەكە لە (ڕەفعەت عەبدوڵا، نەجمەدین كەریم، ئاسۆ ئەڵمانی، لاهوری شێخ جەنگی) لەگەڵ لێپرسراوی‌ كۆمیتە و كادیر و ئەندامانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كۆبووەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو كۆبوونەوە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند زۆرینەی كادر و ئەندامانی ئەو حزبە لە كەركوك ڕەتیانكردۆتەوە لە ئێستادا ڕیفراندۆم لە كەركوك بكرێت و ڕایانگەیاندووە "هیچ ئامادەكاریەك لەڕووی سەربازی و مادی و ئیداریەوە لەو ڕووەوە نەكراوە و ناكرێت بارزانی هەر بڕیارێك بدات سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵیدابێت، چونكە ئەگەر زۆرە لەو دۆخەدا ڕیفراندۆم بكرێت كەركوك لەدەست بچێت".

سەرچاوەكەی "سپی" ئەوەشی ئاشكراكرد بەهۆی ئەوەی گفتوگۆكە  بە ئاڕاستەی ئیجابیدا نەڕۆشتووە كۆسرەت ڕەسوڵ كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە.



PM:07:26:14/09/2017