سپی رێککەوتنی نێوان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاشکرا دەکات

ئەگەر گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ نەچنە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بەپێی رێککەوتنێکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی، ئەمڕۆ سکرتێری پەرلەمان لە کۆمەڵ دەسێنرێتەوە. 

وا بڕیارە ئەمڕۆ ١٥ ی ئەیلول پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کۆبێتەوە، ئەگەر گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نەچنە کۆبوونەوەکەوەو سەرکردایەتی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەکەن، ئەوا سکرتێرێکی کاتی لەو دانیشتنەدا کە بۆ یەکێتی دەبێت، هەڵدەبژێرن و بەمەش کۆمەڵی ئیسلامی پۆستەکەی لەدەستدەدات.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست سپی کەوتووە، رۆژی ١٣ ی ئەیلول سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئومێد خۆشناو و، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بێگەرد تاڵەبانی واژوویان لەسەر رێککەوتنێک کردووە، بەپێی ئەو رێککەوتنە پەرلەمان لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە د، جەعفەر ئێمنکی بەڕێوە دەبرێت، هەروەها لەو دانیشتنەدا سکرتێری پەرلەمان بە شێوەیەکی کاتی هەڵدەبژێردرێت، لە بری سکرتێری کاتی ئێستای پەرلەمان کە فەخرەدین قادرە و سەر بە کۆمەڵی ئیسلامییە. کۆبوونەوەکەش تەنها تایبەت دەبێت بە پەسەندکردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە ٢٥ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ یە.

بەپێی ئەو رێککەوتنە. چیتر یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان توانای نابێت هیچ بابەتێک بخاتە بەرنامەی کارەوە بەبێ رەزامەنی یەکێک لە جێگری سەرۆک کە پارتییە، یان سکرتێر کە دەبێت بە یەکێتی، لە کاتێکدا لە رابردوودا سەرۆک و سکرتێر ( گۆڕان و کۆمەڵ ) کە رایان نزیکە لەیەکەوە دەیانتوانی زۆر پرس بخەنە بەرنامەی کارەوە بێ رەزامەندی پارتی.
دەقی بەڵگەنامەکە
 



AM:10:49:15/09/2017