ئەمڕۆ بارزانی لە نێو ناڕەزایەتییەکی زۆری تۆڕە کۆمەلآیەتیەکاندا دێتە سلێمانی

بارزانی بۆ بەشداریکردن لە بانگەشەی ریفراندۆمدا ئەمرۆ دەگاتە سلێمانی لە کاتێکدا لە دوێنێوە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەسەردانی ئەو بەرپرسە بۆ سلێمانی لەناو تۆڕە کۆمەلآیەتیەکاندا بەدیدەکرێت.

بارزانی لە سالآنی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە یەکەمجارە بێتە سلێمانی و کۆبوونەوەی جەماوەری بەرفراوان و لە مەیدانی کراوەدا سازبکات.

سازدانی ئەو کۆڕەی بارزانی کە بەهاوکاری سەرکردەکانی یەکێتی بەڕێوەدەچێت، لەنێو ئەو تۆڕە کۆمەلآیەتییانەوە کە سەرچاوەکانیان لە دەڤەری سلێمانییەوە پەخشدەکرێت، ناڕەزایتیەکی زۆر بەدیدەکرێت و هێرش دەکرێتە سەر بارزانی بە " کودەتا چی" و " هیچی نەکردووە بۆ شاری سلێمانی" چەندان نازناوی تر هێرش دەکرێتە سەری.

یەکێتیش وەک جارانی تر بووە بە دوو بەشەوە، سەرکردە دیارەکان پێشوازی لیدەکەن، بەلآم ژمارەیەک کادیری جیلی ناوەڕاستی ئەو حیزبە لە تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان دژی وەستاونەتەوە.

دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ و چەندان فەرمانگەی تری حکومەتی هەرێم لە دەڤەری سلێمانی، لەدوێنێوە دەستیان کردووە بە ئامادە باشی بۆ سەردانەکەی بارزانی.

وا بڕیارە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەرۆ بارزانی لە یاریگای سلێمانی بەبۆنەی ریفراندۆمەوە وتارێک پێشکەش بکات.



AM:09:43:20/09/2017