"سپی" ناوەرۆكی پرۆژەی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە ئاشكرا دەكات

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ستافێكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و چوار لیژنەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیش ناوەرۆكی پرۆژەی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە ئاشكرادەكات.


شوان قەڵادزێیی، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەكانە لە حكومەتی هەرێم و تاوتوێی پرسی پاشەكەوتی موچە دەكرێت.


سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەی خستەڕوو پرۆژەكە بە واژۆی ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكان ئیمزا كراوە و داوا دەكرێت بڕیاری ژمارە (64)ی حكومەتی هەرێم تایبەت بە پاشەكەوتی موچە هەڵبوەشێتەوە.


شوان قەڵادزەیی ڕاشگەیاند "ناوەرۆكی پرۆژەكە بۆ حكومەت بەو جۆرەیە كە لەگەڵ موچەیەك بڕێك پاشەكەوت كە 10%ی بڕی پاشەكەوتكراوە لەماوەی دوو ساڵدا مانگانە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، هەروەها چوار موچەی بڕدراوی ساڵی 2015ش لەو چوارچێوەیەدا بدرێتەوە بە فەرمانبەران".


بە وتەی ناوبراو بەشێكی دیكەی پرۆژەكە بەو جۆرەیە كە "كرێی خوێندن و پێشینەی خانوبەرە و كرێی ئاو و كارەبا و لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەو پاشەكەوتە سودی لێ وەربگیرێت".


ئاشكراشیكرد وەك فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی داوا دەكەن سێ یەكەمەكانی زانكۆكان كە ژمارەیان 297 كەسە بەفەرمی دابمەزرێنرێن، چونكە ڕاژەكانیان پێویستە.


ئاماژەی بەوەشدا بەشێكی دیكەی گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەت تایبەت دەبێت بە گرانی بازاڕ و نهرخی بەنزین كە بارگرانیەكی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروستكردەوە.


وتیشی "داوا دەكەن پرۆژەی بودجەی 2018 ئامادە بكرێت و بێتە پەرلەمان هەروەها كۆی خەرجی و داهاتەكان لە ساڵی 2014وە بنێردرێتە پەرلەمان".


شوان قەڵادزەیی ئەوەشی وت كە وەك فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەگەر بزانن نیەتێكی جدی نیە لەلایەنم حكومەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و كۆی كێشەكانی تر ئەوە دوای كۆبوونەوەكە بۆ هاوڵاتیانی ئاشكرا دەكەن و "كات بەڕێكردن" لە حكومەت قبوڵ ناكەن.



AM:10:42:20/09/2017