حکومەتی هەرێم بۆ تورکیا: بنەماکانی دراوسێتی بپارێزن

حکومەتی هەرێم کوردستان لەسەر شەهیدبوونی ٧ هاوڵاتی دەڤەری بادینان لەلایەن فڕۆکەجەنگیەکانی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەیدا هەرێم داوا دەکات" بنەماکانی دراوسێتی بپارێزن"

دەقی بەیاننامەکە:

ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە دەڤەری بادینان و لە ناوچەی نێروە ڕێكان، بە خەستی چەند شوێنێكیان بۆردوومان كرد و لە ئاكامدا حەوت هاووڵاتیی ناوچەكە شەهید بوون.

لە كاتێكدا ئەو هاووڵاتیانە بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری ڕۆژانەیان چوبوونە سەر ڕەز و باغەكانیان، بە بیانووی بوونی مۆڵگەی چەكدارانی پەكەكە لەو شوێنە، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كران و بەداخەوە زۆربەیان شەهید بوون.

ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بۆردوومانەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئیدانە دەكەین كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و، داوایش لە توركیا دەكەین ئەم جۆرە بۆردوومانانە بوەستێنێت و زیان بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەگەیێنێت و بنەماكانی دراوسێتی بپارێزێت.


حكوومەتی هەرێمی كوردستان



AM:10:37:21/09/2017